سەردێڕ:

وەزارەتى نەوت پڕۆژەیەکى پێترۆکیمیایی لە عێراقدا راگەیاند

PM:04:58:07/05/2023

1924 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى نەوتى عێراق، بونیادنانى پڕۆژەیەکی لە عێراق راگەیاند، کە پڕۆژەیەکى پێترۆکیمیاییە بەناوى نێبراس و ئاماژە بەوە دەکات، توێژینەوە هونەریی و ئابوورییەکانى پڕۆژەکە تەواو بووە.


عاسم جیهاد وتەبێژ بەناوى وەزارەتى نەوتى عێراق بە ئاژانسى فەرمى هەواڵى عێراقى راگەیاندووە، یەکێک لەو پڕۆژە گرنگانەى پشت دەبەستێت بە وەبەرهێنانى غازى سروشتى، پڕۆژەى پێترۆکیمیایى نێبراسە، کە ئێستا وەزارەتى نەوت بە هاریکارى لەگەڵ کۆمپانیاى شێڵ، ئەنجامی دەدات.

وتەبێژەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق ئاماژەى بەوەشداوە، حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لە هەوڵى سەرخستنى ئەم پڕۆژەیەدان، چونکە ئەم پڕۆژەیە، عێراق بەرەوپێش دەبات و لە زۆرێک بواردا سوودى گەورەى دەبێت.

عاسم جیهاد باسی لەوەشکردووە، یەکێک لە پلانەکانى دیکەى وەزارەتەکەیان، پڕۆژەى پاڵاوگەى فاوە، کە لە رۆژێکدا وەبەرهێنان لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتدا دەکات و هاوشان دەبێت لەگەڵ پڕۆژەى نێبراس بۆ پێترۆکیمیایى.

ماوەیەکی زۆرە عێراق خواستی ئەوەی هەیە ببێتە یەکێک لە هەرە گرنگترین سەرچاوەکانى پیشەسازى پێترۆکیمیایى لە ناوچەکە و هەوڵەکانیش لەو بوارەدا بەردەوامن. پێشتر وەزارەتى پیشەسازى و کانزاکانى عێراق ئاشکرای کردبوو، پڕۆژەى نێبراس بۆ پێترۆکیمیایى لە باشورى بەسڕە، لەسەر کەنارى دەریاى عەرەب بەدرێژایى هەزار و ٥٠٠ مەتر جێبەجێدەکرێت و دەبێتە یەکێک لە ستراتیژیترین پڕۆژە گرنگەکانى عێراق.

بەگوێرەى پلانێک کە حکومەتى عێراق دایڕشتووە و تیایدا هاتووە، لە داهاتوودا دەیان پڕۆژەى ستراتیژى دیکە لە عێراق دەکەونە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە لە بوارەکانى وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون، نەوت و وزە، فڕۆکەخانە، رێگاوبان و هێڵى ئاسنینى نێوان شارەکان و هەروەها پڕۆژەى هێڵى ترامى بەغدادا دەبێت.













گەلەری