هاوپەیمانی سێ قۆڵی کە پێکدێت لە یەکێتی ئەفریقا و دامەزراوەی فەرمی نێودەوڵەتی گەشەپێدان و نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، پێشوازی لە دەستپێشخەری ئاشتی سعودیە و ئەمریکا دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی سودان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوپەیمانی سێ قۆڵی لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوەکردووە، ئومێدەوارە گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سعودیە ببێتە مایەی لێکتێگەیشتن و کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی سودان.
باسی لەوەشکردووە، داوا لە هەردوو لایەنی گرژییەکانی سودان دەکەن هەرچی
زووە دەستبەجێ کۆتایی بەشەڕی نێوانیان بهێنن و ئاشتی و ئارامی بۆ سودان و گەلی
سودان بگەڕێننەوە و کۆتایی بە توندوتیژی و خوێنڕشتن بهێنن و هاوڵاتیانی سڤیل بپارێزن
و هێرش نەکەنە سەر دامەزراوە تەندروستییەکان و هەرشوێنێکی دیکە کە بەشێکن لە ژێرخانی
ئابوری ئەو وڵاتە، چونکە دەبنە هۆی زیاتر تێکدانی وڵات و ناوچەکە.
فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودییە سەبارەت بە نێوەندگیرییە نێودەوڵەتییەکان
باسی لەوەکرد، نوێنەرانی سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەمەبەستی گفتوگۆ و
دانوستان گەیشتونەتە شاری جەددەی سعودییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا و سعودییە یەکەم هەوڵە بۆ
کۆتاییهێنان بە ململانێ ناوخۆییەکانی سودان کە لە ١٥ی نیسانەوە سەریان هەڵداوە.