سەردێڕ:

وەزیری وزەی ئێران وردەکاری ئەنجامی سەردانەکەی بۆ عێراق ئاشکرا کرد

PM:09:54:06/05/2023

2040 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، لیژنەی ئاوی عێراق و ئێران دەستیان بەکار کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سەرچاوەی ئاوی نێوان هەردوولا.


عەلی ئەکبەر میحرابیان وەزیری وزەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەم سەردانەیان بۆ عێراق بۆ بەشداریکردن بووە لە کۆنگرەی بەغدای نێودەوڵەتی تایبەت بە ئاو.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم کۆنگرەیە دەبێتە هەلێک بۆ گفتوگۆکردن و نزیکبوونەوەی تێڕوانینەکانی نێوان بەرپرسەکان و بیرمەندەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، چونکە لە ئێستادا رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا دەبنەوە و رێژەکانی دابارین کەمدەکات و ئەوەش وایان لێدەکا شارەزاییەکانیان لەگەڵ دەوروبەر ئاڵوگۆڕ بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشانە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەکارهێنانی شێواز و تەکنیکە نوێیەکان لە بەکارهێنانی ئاو و ئاودێری و کارگێڕی سەلامەتی سەرچاوە ئاوییەکان دەبێتە هاوکار بۆ زیادکردنی کارایی و باشترکردنی دۆخی هاوڵاتیان.

باسی لەوەشکرد، پێشتر محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئێرانی کردووە و گفتوگۆیان لە بارەی ئاو و سەرچاوەکانی ئاو کردووە لەو کۆبوونەوانەدا توێژینەوە لەسەر دۆسیە تەکنیکی و یاساییەکانی پەیوەست بە کارگێری سەرچاوەکانی ئاو کراوە.

وەزیری وزەی ئێران روونیشیکردەوە، لیژنەیەکی تایبەت بە ئاوی نێوان عێراق و ئێران دەستیان بەکارکردووەتەوە بۆ چارەسەکردنی کێشەی سەرچاوەکانی ئاو لە پێناو دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتییانی هەردوو وڵات.

ئەمە لەکاتێکدایە، نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران لە بەغدا لەگەڵ عەلی ئەکبەر میحرابیان وەزیری وزەی ئێران و شاندی یاوەری کۆبووەوە و لەبارەی دۆسییەکانی ئاو و وزە و بوارەکانی هاوکاری هاوبەش و چۆنییەتی پتەوکردنی ئاڵوگۆڕ و هەماهەنگی لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی رووبەڕووی کەرتی وزە دەبنەوە گفتوگۆیان کرد.

دوێنێ عەلی ئەکبەر میحرابیان بەسەردانێکی فەرمی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی سێیەمی بەغدا بۆ پرسی ئاو گەیشتە فرۆکەخانەی نەجەفی نێودەوڵەتی.













گەلەری