بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، هێڵی ئاسمانی عێراقی سەرجەم گەشتەکانی عێراق – ئەڵمانیا و ئەڵمانیا – عێراقی راگرتووە و ئەو کەسانەی تکتی فرۆکەیان کڕیوە گەشتەکانیان راگیراوە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەشدا، هۆکاری راگرتنی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی بۆ ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی هاتنی گرێبەستی ئەو کۆمپانیا چیکییەی هێڵەکەی بەڕێوە بردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، هێڵی ئاسمانی عێراق ئاگاداری پێشوەختەی
گەشتیارانی نەکردووەتەوە سەبارەت بە راگرتنی گەشتەکانی ئەڵمانیا و هیچ زانیارییەکی
سەبارەت بە کۆتایی هاتنی گرێبەستی کۆمپانیاکانی رانەگەیاندووە.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا چەندین گەشتیاری عێراقی
لە ئەڵمانیا تکتی فڕۆکەیان کڕیوە و گەشتەکانیان راگیراوە و بە هیچ بڕە پارەیەکیش قەرەبوو
نەکراونەتەوە.
جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی رابردوو لەلایەن دەسەڵاتی
فڕۆکەوانی جیهانییەوە رێگە بە عێراق نەدراوە هێڵێکی ئاسمانی بە شێوەی سەربەخۆ بەڕێوە
ببات بۆیە گرێبەستی لەگەڵ ئەو کۆمپانیا چیکییە واژۆ کردووە.
لە رێکەوتی ٦ی نیسانی ئەمساڵ، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا سەرجەم گەشتە
ئاسمانییەکانی بە رووی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی داخست و لە
ئەنجامدا سەرجەم ئەو گەشتانەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بەسەر ئاسمانی
تورکیادا دەکرا راگیران.
هەڵگورد عومەر - ئەڵمانیا