سەردێڕ:

ئۆکرانیا: مووشەکی روسی هایپەرسۆنیکمان خستووەتە خوارەوە

PM:06:10:06/05/2023

2784 جار خوێندراوەتەوە

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاند، لە کاتی هێرشێکدا بۆ سەر کیێڤی پایتەخت لەم هەفتەیەدا، سیستمی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا بۆ یەکەمجار مووشەکێکی هایپەرسۆنیکی روسییان خستووەتە خوارەوە. دەشڵێت، "ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەیە بۆ هەڵمەتی هێرشی ئاسمانی دوور مەودای کرملین".


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، میکۆلا ئۆلێشچوک فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، شەوی پێنجشەممە لە ئاسمانی ناوچەی دەرەوەی شاری کیێڤی پایتەخت مووشەکێکی هایپەرسۆنیکی روسییان لە جۆری "کینژاڵ" خستووەتە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، مووشەکەکە لەلایەن سیستمی بەرگری پاتریۆتی ئەمریکییەوە خراوەتە خوارەوە.

دەشڵێت، "پیرۆزبایی لە گەلی ئۆکرانیا دەکەم بەبۆنەی ئەو رووداوە مێژووییەوە. بەڵێ، ئێمە کینژالی بێهاوتامان تەقاندەوە".

مووشەکی کینژال کە بە زمانی روسی بە واتای "خەنجەر" دێت، یەکێکە لەو شەش چەکانەی "نەوەی داهاتوو" کە لە ساڵی ٢٠١٨دا ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا ئاشکرای کردن، کاتێک شانازی بەوە دەکرد کە ناتوانرێت لەلایەن هیچ کام لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی جیهانەوە بخرێتە خوارەوە.

مووشەکە کە بالیستیکە و لە ئاسمانەوە ئاڕاستە دەکرێت و خێراییەکەی دەگاتە ١٢ هەزار و ٣٥٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی یان کڵاوەی ئاسایی هەیە.

سیستەمی پاتریۆتی ئەمریکی یەکێکە لە کۆمەڵێک یەکەی بەرگری ئاسمانی ئاڵۆز کە لەلایەن رۆژئاواوە دابینکراوە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڵمەتی چەند مانگێکی روسیا لە هێرشە ئاسمانییەکان کە ژێرخانی گرنگ و دامەزراوەکانی کارەبا و شوێنەکانی دیکەی کردووەتە ئامانج.













گەلەری