سەردێڕ:

لە ئەگەری سەرکەوتنی؛ ئۆپۆزسیۆنی تورکیا چی دەکات؟

PM:05:22:06/05/2023

2556 جار خوێندراوەتەوە

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کارنامەی حکومی تایبەت بە خۆی ئاشکرا کرد کە دیارترین ناونیشانەکانی بریتین لە: ماف و دادپەروەری و دادوەری، کەرتی گشتی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چاودێری و شەفافیەت، دامەزراندن، زانست و پەرەپێدان، گۆڕینی دیجیتاڵی، فێرکردن، سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان، سیاسەتی دەرەکی، بەڵام هیچ ئاماژە بە دۆسیە و پرسی کورد نەکراوە.


ئەندامێکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کارنامەی حکومی و سیاسی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنی ئاشکرا کرد، کە لە نۆ ناونیشانی سەرەکی و ٧٥ ناونیشانی لاوەکی پێکدێت جگە لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری گەورە.

لە ئاهەنگێکی تایبەت لە ئەنقەرەی پایتەخت بە بەشداری ئەندامانی سەرکردایەتی شەش حزبە ئۆپۆزسیۆنەکەی تورکیا کارنامەی حکومی راگەیەنرا کە لە ٢٤٠ پەڕە پێکدێت.

گرنگترین ناونیشانی ناو کارنامەکە بریتین لە: ماف و دادپەروەری و دادوەری، کەرتی گشتی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چاودێری و شەفافیەت، دامەزراندن، زانست و پەرەپێدان، گۆڕینی دیجیتاڵی، فێرکردن، سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان، سیاسەتی دەرەکی.

کارنامەی حکومی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هەڵگری ناونیشانی جۆراوجۆرن لە ناویاندا فرۆشتنی فرۆکەکانی سەرۆکایەتی و نیشتەجێکردنی سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتی پێشوو کە ناوی "شنکایایە" لە ئەنقەرە.

ناونیشانی یەکەمی کارنامەکە ماف و دادپەروەری و دادوەرییە و چەند خاڵیک لە خۆدەگرێت، گرنگترینیان گواستنەوەی سیستەمی پەرلەمانی و پتەوکردنی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان بە تایبەتی دەسەڵاتی چاودێری و بەدەستخستنەوەی دەسەڵاتەکان لە سەرۆککۆمارەوە، لە ناویاندا رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.

لە ناونیشانەکانی دیکەی کارنامەی حکومەتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئەوەش هاتووە، دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار لە راگەیاندنی مەراسیمەکانی کۆماری تورکیا هەڵدەوەشێنرێنەوە و ماوەی حوکمڕانی کردن حەوت ساڵ دەبێت و هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبەکەیدا دەپچڕێنێت لەو ماوەیەدا و لە دوای کۆتایی هاتنی حوکمڕانی هیچ کارێکی سیاسی ئەنجامنادات.

ناونیشانێکی دیکە بریتییە لە، چاودێری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی گەندەڵی لە پەرلەمان پێکدەهێنرێت و هەوڵی سنووردارکردنی بە قاچاخبردنی پارە بۆ درەوەی وڵات دەدرێت و رێکخراوێک دادەمەزرێنرێت بۆ بەدواداچوون و گەڕاندنەوەی پارەی بەقاچاخبراو و کارکردن تاوەکو بە خێرایی تورکیا لە لیستی رەشی وڵاتان بهێنرێتە دەرەوە.

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی فرۆکە تایبەتییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا و راگرتنی پڕۆژەی کەناڵی ئاوی ئەستەنبوڵ و تەرخانکردنی پارەی ئەو پڕۆژەیە بۆ پڕۆژەی کشتوکاڵی جیاواز و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و ژنان.

هاوکات، پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە کارنامەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هیچ ئاماژەیەکی پێنەدراوە، لەکاتێکدا، ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرکەوتنی پشت بەدەنگی کوردە دەبەستێت و لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی کورد یەکلاییکەرەوە دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، "هاوپەیمانی گەل" کە بە هاوپەیمانی "شەش قۆڵی"یش ناسراوە و بەهێزترین هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە و بە توندی ململانێ لەگەڵ ئەردۆغان دەکات و لە هەریەک لە پارتەکانی گەلی کۆماری و نوێ و ئایندە و سەعادەت و دەوا و پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" پێکهاتووە. سەرجەم پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان داوای گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی دەکەن و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری کاندیدیانە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنەکاندا.

بڕیارە لە ١٤ـی ئایاردا هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار و ٩٤١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزار و ٦٧١ دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە و لە کۆی گشتی دەنگدەرانیش پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دەنگدەری نوێ بەشداری دەکەن کە یەکەمجارە دەنگ دەدەن.

لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ پێویستە کاندید زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بۆ دەرچوونی پارتەکانیش سیستمی "هۆندت" پەیڕەو دەکرێت کە تیایدا پێویستە هەر پارتێک بەربەستی ٧٪ تێپەڕێنێت تا بتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.

 













گەلەری