داواکاری گشتی بەلجیکا رایگەیاند، گومانلێکراوێکیان دەستگیرکردووە و گومان دەکرێت بەشداربووبێت لە ئەنجامدانی تەقینەوە گەورەکەی ساڵی ٢٠٠٩ لە بەغدای پایتەختی عێراق کە تیایدا زیتر لە ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش برینداربوون.
داواکاری گشتی فیدڕاڵی لە بەلجیکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ هەینی پۆلیسی بەلجیکا گومانلێکراوێکیان دەستگیرکردووە کە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بووە و گومانی لێدەکرێت لە ژمارەیەک تەقینەوە لە بەغدا بەشداربووبێت.
ئاماژە بەوەشدراوە، گومانلێکراوەکە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە بەلجیکا دەژی و بەرپرسە
لە ژمارەیەک تەقینەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ لە ناوچەی سەوزی بەغدا ئەنجامدراون و
بەهۆیەوە ٣٧٦ کەس گیانیان لە دەستداوە و دوو هەزار و ٣٠٠ کەس برینداربوون.
لە راگەیەنراوەکەی داواکاری گشتی بەلجیکا ئەوەش هاتووە، "تەقینەوەکانی
ناوچەی سەوز لە بەغدا لە رێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراوەوە ئەنجامدراوە و چەند باڵەخانەیەکی
حکومی کراونەتە ئامانج."
جێگای ئاماژەیە، ئەو گومانلێکراوە تەمەنی ٤٤ ساڵە و لە رێکەوتی ٣ی ئایار
بە تۆمەتی "ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی" و "بەشداریکردن لە چالاکی
تیرۆرستی" دەستگیر کرا.
لە رێکەوتی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٩ دوو تەقینەوە لە بەغدای پایتەختی
عێراق روویدا و بەهۆیەوە نزیکەی ٤٠٠ کەس گیانیان لە دەستدا و زیاد لە دوو هەزار کەسی
دیکە برینداربوون.