سەردێڕ:

چین: ئامادەین بەشداری راستەقینە بکەین لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا

AM:11:08:05/05/2023

2232 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، پەکین ئامادەیە بەشداری راستەقینەبکات لە چارەسەرکردنی سیاسیانەی قەیرانی ئۆکرانیا و بە ئەو مەبەستەش ئامادەیە کار لەگەڵ مۆسکۆدا بکات.


چین گانگ وەزیری دەرەوەی چین لە چوارچێوەی دیدارێکیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا روسییەکەی ئاماژەی بەوەدا، چین بە بەردەوامی کاردەکات لەسەر بەهێزکردن و پاڵپشتی کردنی دانوستانەکانی ئاشتی.

وتیشی، "ئێمە ئامادەین بەشداری راستەقینەبکەین لەچارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا بە شێوازی سیاسییانە لە رێگەی پەیوەندیکردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ روسیادا".

لەلایەن خۆشییەوە وەزارەتی دەرەوەی چین راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، هەردوو لا رێککەوتوون لەسەر پتەوتر کردنی هەماهەنگی نێوانیان لەچەندین ئاست لەوانەش برێکس و کۆمەڵەی بیست و نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی شەنگەهای بۆ هاریکاری.

دەشڵێت، چین و روسیا رێککەوتوون بەهەموو شێوەیەک رووبەڕووی سەپاندنی هەموو جۆرەکانی هەژموون ببنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی ئازاری رابردوو حکومەتی چین دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا راگەیاند کە لە ١٢ خاڵ پێکهاتبوو بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەی سیاسی و دبلۆماسییانە کە تیایدا داوای لە روسیا و ئۆکرانیا کردبوو جەنگی نێوانیان رابگرن و دەست بە گفتوگۆکانیان بکەن.













گەلەری