سەردێڕ:

لیژنەی دارایی لەبارەی وادەی پەسەندکردنی بودجەوە زانیاری نوێی بڵاوکردەوە

PM:05:02:04/05/2023

1972 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای دوو هەفتەی دیکە بەرچاویان رووندەبێتەوە و وادەی پەسەندکردنی بودجە دیاریدەکرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەحمەد جبوری ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی دارایی بەردەوامە لە کارە ستراتیژییەکان بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و راگرتنی هاوسەنگی دارایی لە دابەشکردنی پشکەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.

باسی لەوەشکرد، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا میوانداری وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆ و نەوت و دارایی دەکەن کە گرنگترین وەزارەتەکانن و دوای ئەوە بەرچاویان روندەبێتەوە بۆ دیاریکردنی وادەی پەسەندکردنی بودجە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت، لە ئێستادا ناتواندرێت پشت بە نرخی نەوت ببەسترێت بەهۆی ناجێگیری نرخەکەی، لەبەر ئەوە تا ئێستا کات کراوەیە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پەرلەمانی عێراق دوای خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای بودجە پڕۆژە یاساکەی رادەستی لیژنەی دارایی کرد بۆ کارکردن لەسەری و دوای پێدانەوەی راپۆرتی دارایی بە پەرلەمانی عێراق وادەی پەسەندکردنی بودجە دیاریدەکرێت.

بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق، گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا و بڕەکەی لە ١٩٨ ترلیۆن دینار زیاترە و پشکی هەرێمیش بە لە ١٢.٦٧٪ جێگیرکراوە.













گەلەری