سەردێڕ:

لەبارەی هێرشەکەوە، کرملین واشنتۆن تۆمەتبار کرد و کۆشکی سپیش وەڵامی دایەوە

PM:04:31:04/05/2023

2660 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی کرملین رایگەیاند، واشنتۆن بەرپرسیارە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر کۆشکی کریملن لە مۆسکۆ نەک کیێڤ. لەبەرامبەردا کۆشکی سپی دەڵێت، "کرملین درۆ دەکات".


کۆشکی کرملین لەبارەی ئەو هێرشەی بە درۆن کرایە سەری راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، واشنتۆن تۆمەتبار و بەرپرسە لە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر کۆشکی کرملین لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، هێرشەکە هەوڵێک بووە بۆ تیرۆرکردنی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا کە لەوکاتەدا لە کۆشکی کۆماری نەبووە.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا بەنیازە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجامبدات و وتارێک پێشکەش بکات. هەروەها، خێرایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی ئۆکرانیاش ناگۆڕێت.

لەلایەن خۆیەوە، دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا رایگەیاند، واشنتۆن لەپشت ئەنجامدانی هێرشەکەی کیێڤە بۆسەر کریملن و ئەمریکا دەیەوێت خۆی لێ بدزێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە واشنتۆن بزانێت بەشداری کردن لە هێرشکردنە سەر کریملن هەنگاوێکی مەترسیدارە و بەشداریکردنی راستەوخۆیە لە ململانێ و جەنگەکەدا.

دیمیتری بیسکۆڤ باسی لەوەشکرد، "رووداوەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە و بەپەلە هەیە، ناتوانرێت بڵێین کەی ئەنجامەکان دەخرێنەڕوو، دەشزانین کە بڕیارەکان سەبارەت بەم کردەوە تیرۆریستییانە لە واشنتۆن دراون نەک لە کیێڤ، بەڵکو کیێڤ تەنها جێبەجێکاربووە".

هاوکات، جۆن کیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی "ئێم ئێس ئێن بی دی"ی وڵاتەکەی رایگەیاند،"ئیمە هیچ پەیوەندییەکمان بە هێرشەکەی سەر کۆشکی کرملینەوە نییەوە".

وتیشی، زۆر بەڕاشکاوی دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین درۆە دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی ٣ی ٥ی ٢٠٢٣ لەرێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کۆشکی کرملین لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا. بڕیارە سبەینێ هەینی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەیدا کۆبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی هێرشەکەی بۆسەر کۆشکی کرملین بکات.













گەلەری