سەندیکای پزیشکانی سودان رایگەیاند، مەترسی لەسەر ژیانی ١٢ هەزار نەخۆش دروستبووە و هەندێکی دیکەیان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستییەوە لە ماڵەکانیاندا گیانیانلەدەستداوە.
عەتیە عەبدوڵا سکرتێری سەندیکای پزیشکانی سودان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە وتی، "هەریەکە لە سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دوو هەڵبژاردەیان بۆ هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە داناوە ئەویش مردنە بە نەخۆشی یاخود مردن بە گولـلە."
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە
رێرەوی سەلامەت بۆ گەیاندنی هاوکارییە پزیشکییەکان دروستبکرێت، چونکە لە ئێستادا
١٢ هەزار نەخۆش مەترسی گیانلەدەسدانیان لەسەرە.
دەشڵێت، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری
تەندروستییەوە چەندین نەخۆش لە ماڵەکانیاندا گیانیانلەدەستداوە.
باسی لەوەشکردووە، سودان پێویستی
بە هاوکاری پزیشکییە و هاوڵاتیانی سودان یان بە گولـلە دەمرن یان بە نەخۆشی.
سەندیکای پزیشکانی سودان لە
ماوەی رابردوو باسی لەوەشکرد، ئەوەی لە کەرتی تەندروستی ئەو وڵاتە روودەدات تاوانێکی
مرۆییە و سەرجەم نەخۆشخانە گشتییەکانی خەرتومی پایتەختی سودان لە کارکردن وەستاوە.
لەلایەکی دیکەوە نەتەوە یەکگرتووەکان
رایانگەیاند، تەنها پارەی ١٤٪ی هاوکارییە مرۆییەکانی سودان دەستبەر کراوە و ئەو وڵاتە
لە ئێستادا پێویستی بە ١.٥ ملیار دۆلارە.
لە ١٥ی نیسانی ئەمساڵ،
ململانێی چەکداری لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دروستبوو و تا ئێستاش
بەردەوامە و سەرەڕای راگەیاندنی ئاگر بەست جەنگەکە لەنێو شارەکانی سوداندا
بەردەوامە.