وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا ٢٥٣ ھاوڵاتی عێراقی لە سودانەوە گەڕێندراونەتەوە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاشکرای کرد، تا ئێستا ٢٥٣ ھاوڵاتی عێراقی و ١٦ ھاوڵاتی سورییان لە سودان گواستووەتەوە.
پێشتر، لە رۆژی ٢٧ی ئەم
مانگە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەستپێکردنی گواستنەوەی ھاوڵاتییانی عێراقی لە سودان
رایگەیاند.
لای خۆیەوە، پێشتر فوئاد
حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەڕێگای نێردەی دیپلۆماسی عێراقەوە لە
سودان، ٢٣٤ ھاوڵاتی عێراقی و ١٦ ھاوڵاتی سووریی لە سودانەوە گواستراونەتەوە بۆ بەغدا .
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٥ی
٤ی ٢٠٢٣ لە خەرتومی پایتەختی سودان و ژمارەیەک شاری دیکەی ئەو وڵاتە، شەڕ و پێکدادان
لەنێوان سوپای سودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریھەڵدا کە تا ئێستا بەردەوامە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی
تەندروستی سودان، لە شەڕ و پێکدادانەکاندا تا ئێستا ٥٢٨ کەس کوژراون و چوار ھەزار
و ٥٩٩ی دیکەیش برینداربوون.