سەردێڕ:

کشتوکاڵی عێراق چەند رێکارێکی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون گرتەبەر

PM:06:38:30/04/2023

1676 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، جگە لە پارێزگاکانی هەرێم، چەند تیمێکی پزیشکییان پێکهێناوە بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، دوای ئەوەی چەند کەیسێک لە نەخۆشخانەکان تۆمار کراون.


مەهدی سەهر بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، فەرمانگەی ڤێتەرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق چەند تیمێکی پزیشکی لە سەرجەم پارێزگاکان، جگە لە پارێزگاکانی هەرێم، پێکهێناوە.

دەشڵێت، ئەرکی تیمەکان رشاندنی مانگا و جاموسەکان و شتنی مەڕ و بزنەکانە بە دەرمان بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای تای خوێنبەربوون.

ئاماژەی بەوەشدا، گرتنەبەری ئەم ڕێکارە دوای ئەوەهات کە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، ٣٠ کەیسی نوێی توشبوو بە تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەکان تۆمارکراون و لەسەرەتای ئەم ساڵیشەوە بەهۆی پەتاکەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە.

مەهدی سەهر باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا لە شوێنی سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە رشاندنی ئاژەڵەکان بەدەرمان دەستی پێکردووە و ١٤ رۆژ دەخایەنێت.

وتیشی، لەو شوێنانەی رشاندنی دەرمانی تێدا دەکرێت بە رووبەری ١٥ کیلۆمەتر دەڕشێنرێت و رێگەنادرێت بەهیچ شێوەیەک گۆشتی سوری ئەو ناوچەیەی بووەتە سەرچاوەی سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە هەناردەی دەرەوە بکرێت بۆ پارێزگا و ناوچەکانی دیکە.

بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەو ناوچانەی نەخۆشییەکە تێیاندا سەریهەڵداوە بە گوێرەی ماددەی ٢٢ی ساڵی ١٩٧٠ و ماددەی ١٠٥ی ساڵی ١٩٨٩ رێگری دەکرێت لە سەربڕینی ئاژەڵ بەشێوەی هەڕەمەکی و بەدەر لە رێنماییەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو پەتای تای خوێنبەربوون لە عێراق سەریهەڵدا و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و دواتریش لە هەرێم چەند کەیسێک تۆمار کرا.

تای خوێنبەربوون؛ "پەتایەكی ڤایرۆسیی"ـە واتە گوازراوەیە، بەهۆی تێكەڵاوبوون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.

بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عێراق لە نیشانەكانی تای خوێنبەربوون ئەمانەن: دڵ تێكهەڵاتن و رشانەوە، ئازاری جومگەكان، سكچون، تا، هیلاكی و لاوازی.

هەروەها، چەند نیشانەیەكی نەخۆشییەكە دەریدەخات كە مەترسی لەسەر ژیانی توشبووەكە هەیە، وەک خوێنبەربوونی ژێر پێست، دروستبوونی كێشە لە دەماغ، بێهۆشبوون، لەكاركەوتنی گورچیلە، دروستبوونی كێشەی هەناسەدان و لەكاركەوتنی جگەر.

ئەگەر بێت و نەخۆشییەکە لە سەرەتادا دیاریبکرێت ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت و بەپێچەوانەشەوە ئەگەر خوێن لەژێر پێستیدا بڵاوبووبێتەوە بەهۆی درەنگ وەرگرتنی چارەسەر، ئەگەری گیانلەدەستدانی زیاترە.













گەلەری