سەردێڕ:

عێراق موچەی خانەنشینان بۆ مانگی ئایار دابەشدەکات و هیچ قیستێکیان لێوەرناگرێتەوە

PM:05:14:30/04/2023

8468 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری خانەنشینان دەکەن و هیچ بڕە پارەیەکیان وەک قیست لەبری پێشینە و قەرزەکان لێوەرناگیرێتەوە.


لە راگەینراوێکدا بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە، دەست بە دابەشکردنی موچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ مانگی ئایار دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی فەرمانەکانی تەیف سامی محەمەد وەزیری دارایی بڕیاردراوە، هیچ بڕە پارەیەک لەبری قیستی مانگانەی پێشینەکان لە موچەی خانەشینان نەبڕدرێت.

وەزارەتی دارایی جەختی لەوەشکردووەتەوە، هەر دوو بانکی رافیدەین و رەشید و دەستەی نیشتیمانی خانەنشینان هەوڵەکانیان لە پێناو بەزوویی تەواوکردنی رێکارەکانی پێدانی موچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە خستووەتەگەڕ.

لایخۆیەوە بانکی رەشید رایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و بەرێوەبەری گشتی بانکی رەشید، موچەی خانەنشینان بۆ مانگی ئایار بەبێ هیچ لێبڕینێک دابەشدەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، عێراق بۆ مانگی نیسانیش بڕیاریدابوو کە بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە قیستی پێشینە و قەرز لە بانکەکان لە فەرمانبەران وەرنەگیرێتەوە و وەرگرتنەوەی قیستەکە لەسەر موچەی مانگی نیسان رابگیرێت.













گەلەری