سەردێڕ:

عێراق دووەم هەناردەکاری بەرهەمە نەوتییەکانە بۆ تورکیا

PM:02:23:30/04/2023

1792 جار خوێندراوەتەوە

هاوردەکردنی نەوت و بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان بۆ تورکیا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بەراورد بە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو، بەڕێژەی ٠٦٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٢٢٥ هەزار و ٨٨٦ تەن. عێراقیش لە دوای روسیا پلەی دووەمی گرتووە لە هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ تورکیا.


ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵۆ بڵاویکردەوە، بەگوێرەی راپۆرتی "کەرتی بازاڕی نەوت"ی مانگی شوبات دەزگای رێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا، هاوردەکردنی نەوتی خاو کە گرنگترین بەشی بەرهەمە نەوتییەکانە، بەڕێژەی ١٤٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ١٧ هەزار و ٤٣٧ تەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەم قۆناغەشدا هاوردەکردنی دیزڵ (گازوایل)، بەڕێژەی ٢٦.٤٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٨٤٨ هەزار و ٢٦٩ تەن و بەشەکانی دیکەی بەرهەمە هاوردەکراوەکانیش تایبەتن بە سووتەمەنی جۆرەکانی فڕۆکە و کەشتی، بەنزین و جۆرەکانی رۆنی ئۆتۆمبێل.

راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە مانگی شوباتدا بەراورد بە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو بەڕێژەی ٥.٦٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٢٢٥ هەزار و ٨٨٦ تەن.

هەربەگوێرەی راپۆرتی "کەرتی بازاڕی نەوت"ی دەزگای رێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا، زۆرترین بڕی بەرهەمە نەوتییەکانیش کە یەک ملیۆن و ٦١٥ هەزار و ٥٥١ تەنە لە روسیاوە هاوردە کراوە، دوای ئەویش عێراق بە ٦١٠ هەزار و ٢١٦ تەن لە ریزبەندی دووەمدا دێت و بە دواشیدا کازاخستان بە ٣٦٢ هەزار و ٣٤١ تەن لە پلەی سێیەمی ئەو وڵاتانەدایە کە تورکیا زۆرترین بەرهەمی نەوتی لێوە هاوردە کردوون.

هەربەگوێرەی راپۆرتەکە، لە بەرامبەردا هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە تورکیاوە بەڕێژەی ٣.٩٪ کەمیکردووە و گەیشتووەتە ٨١٤ هەزار و ٧٦٩ تەن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، زۆرترین بەشی ئەو زیادبوونەش تایبەتە بە هەناردەکردنی سووتەمەنییەکانی فڕۆکە کە لە مانگی شوباتدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بەڕێژەی ٤٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٣٠٠ هەزار و ٤٦٣ تەن.

دەشڵێت، هەر لەو قۆناغەشدا هەناردەکردنی سووتەمەنی دەریاوانی بەڕێژەی ٤٢.٦٪ کەمیکردووە و گەیشتووەتە ٧٩ هەزار و ٦٢٣ تەن.

هەروەها، بەهەمان شێوەش هەناردەکردنی جۆرەکانی بەنزین بەڕێژەی سەدا ٨٩.٩٪ کەمیکردووە و گەیشتووەتە شەش هەزار و ٨٢١ تەن.

لە بەرامبەریشدا هەناردەکردنی دیزڵ (گازوایل) بەڕێژەی ١١٤٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٢٥١ هەزار و ٧٢١ تەن.













گەلەری