سەردێڕ:

ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەدر چی بوو؟

PM:11:14:29/04/2023

12372 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئیسحاق فەیاز یەکێک لە مەرجەعەکانی پەیڕەوکارانی مەزهەبی شیعە رایگەیاند، چوونە سەر فەتوای مەرجەعێکی مردوو رێگە پێدراونییە، موقتەدا سەدر لە رێگەی وەزیرەکەیەوە بەڵێننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لە لایەنگران و شوێنکەوتوانی کرد واژۆی بکەن و پەنجەمۆری بکەن.


ساڵح محەمەد ناسراو بە "وەزیرەکەی سەدر" لە تویتەری خۆی راگەیەنراوێکی لە زاری موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، نووسراوێک لەلایەن رێبەری رەوتی سەدرەوە نووسراوە و لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە لە رێگەی نوسینگەی تایبەتەوە دابەش دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوکار و رێکخراو بن لە کاتی واژۆکردنی نووسراوەکە، چونکە لایەنێکی تایبەت کۆیدەکاتەوە و دەیگەیەنێت بە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر.

لەبەشێکی دیکەی نوسراوەکەدا هاتووە کە موقتە سەدر بەدەستی خۆی نوسیوییەتی، "پێویسته‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو پیلانگێڕییه‌ك كه‌ ده‌بێته‌ هۆی په‌رته‌وازه‌یی، بوه‌ستمه‌وه‌ و پارێزگاری له‌ خوێنی عێراقییه‌كان بكه‌م و دوور بكه‌ومه‌وه‌ له‌ دووبه‌ره‌كی".

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە "وەزیرەکەی سەدر" بڵاویکردەوە کە ئەمشەو موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی گرنگ بڵاودەکاتەوە.

لە رێکەوتی ١٤ی ٤ی ٢٠٢٣ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی گەندەڵی لە رەوتی سەردا سەری هەڵداوە و ناتوانێت لە ئێستادا چارەسەری بکات، بڕیاریدا بە سڕکردنی رەوتەکە و داخستنی هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر تاکاتێکی نادیار و داخستنی مەزارگەی باوکی تا دوای جەژنی رەمەزان.

لەدوای داخستنی هەژمارەی تایبەتی خۆییەوە لە تویتەر ئەمە یەکەم پەیامە موقتەدا سەدر لە رێگەی هەژماری ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە "وەزیرەکەی سەدر" بڵاوبکاتەوە.

لە شەوی ١٣ی ٤ی ٢٠٢٣ بەشێک لە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە مزگەوتی کوفە لەکاتی مانەوەیان لە مزگەوت بەمەبەستی شەوانی قەدر، دەستیان بە جوڵەیەک کرد کە تیایدا وایانکردن بەڵێنبدەن "بەیعەتبدەن" بە موقتەدا سەدر بەسیفەتی ئەوەی "ئیمام مەهدی"ە. ئەمەش بووە هۆی توڕەکردنی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر تا ئەم بڕیارانە بدات.

هاوکات، لە تویتەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە تیایدا کەسێک کە بەرگی مەلایەتی پۆشیبوو و دەمامکێکی بەستبوو و بە "حەیدەر ئەلئەمین" ناسراوە، تیایدا داوا لە پەیڕەوکارانی شیعە مەزهەب دەکات کە بەیعەت و بەڵین بدەنە موقتەدا سەدر بە سیفەتی ئەوەی "ئیمام مەهدی چاوەڕوانکراو"ی پەیڕەوکارانی شیعە مەزهەبە و پێشوای سەردەمە کە خاوەنی سەردەمی دادگەری و فریادڕەسی مرۆڤایەتییە تا رۆژی دوایی.













گەلەری