سەردێڕ:

قەرزەکانی حکومەتی هەرێم چییان لێ دێت و کێ دەیانداتەوە؟

PM:12:46:29/04/2023

31528 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی بواری نەوت لە بەرنامەی پانۆڕامای ئێن ئاڕ تیدا باسی لە قەرزەکانی سەر حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و شێوازی دانەوەی قەرزەکان کرد و رایگەیاند، بەشێکی قەرزەکان سویان ئەوەندە زۆرە بوونەتە بارگرانی بەسەر هەرێمەوە.


محەمەد حسێن شارەزای بواری نەوت لە پانۆرامای ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، قەرزەکانی هەرێم جۆراوجۆرن و هەندێکیان هی کۆمپانیا نەوتییەکانن، هەندێکیان قەرزی پێشفرۆشن واتە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم پارەی نەوتێکی وەرگرتووە کە دەبێت لە داهاتوودا بینێرێت، هەروەها هەندێکی حەقدەستی کۆمپانیاکان یان قەرزی بەڵێندەر و وەبەرهێنە ناوخۆییەکانە.

باسی لەوەشکرد، حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش ناتوانێت قەرزەکانی بداتەوە، بەڵام ئەگەر لەو بەشەبودجەیەی لە بەغداوە بۆی دێت بڕەکەی زیاتر بێت، رەنگە بتوانێت بە پلانێکی رێکخراو قەرزەکانی بداتەوە. دەشڵێت، ئەگەر بەغدا هاوکاری نەکات، هەرێم ناتوانێت قەرزەکانی بداتەوە.

راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ خشتەیەکی روون و ئاشکرا نییە کە هەرێم ئەو قەرزانە دەداتەوە یان چۆن دەیداتەوە، ئەوەشی خستەڕوو، بەشێکی قەرزەکان سویان ئەوەندە زۆرە بوونەتە فشار لەسەر هەرێم.

لە ساڵی ٢٠١٤دا حکومەتی هەرێم ئابوری سەربەخۆی راگەیاند و دەستی کرد بە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت.

دواتر لە ٢٥ـی ئازاری ئەمساڵدا، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، سکاڵایەکی دادگای پاریسی لەسەر دۆسیەی نایاسایی بوونی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا بردووەتەوە. دواتریش هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا راگیرا.

بەرەبەیانی رۆژی ١٥ی شوباتی ساڵی رابردوو، دادگای فیدڕاڵی عێراق دانیشتنی خۆی لەبارەی دۆسییەی ٥٩ی فیدڕاڵی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ رەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵی سازکرد.دواتر رایگەیاند، یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نادەستورییە.

هـ.ئـ













گەلەری