سەردێڕ:

هەدەپە ئەو کاندیدەی ئاشکرا کرد کە پشتیوانی لێدەکەن و دەنگی پێدەدەن

AM:10:48:28/04/2023

2624 جار خوێندراوەتەوە

هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری توركیا پشتگیری لە (كەمال كلچدار ئۆغڵو) كاندیدی هاوپەیمانی میللەت دەكەن.


ئەمڕۆ هەینی، میتحەت سانجار هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا ئاشکرای کرد، " لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، ئێمە پشتگیری لە كەمال كلیچدار ئۆغڵو كاندیدی هاوپەیمانی میللەت دەكەین".

ئاماژەی بەوەشدا، دوو ئامانجی ستراتیجییان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە ئەوانیش كۆتاییهێنانە بەرژێمی تاكە كەسی و ببنە كاریگەرترین هێز لەگۆڕانكاری دیموكراسیدا.

وتیشی، " ئەو ئامانجانەش دیارە لەگەڵ كەمال كلیچدار ئۆغڵو یەكدەگرنەوە بۆیە پشتیوانی دەبین".

میتحەت سانجار ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەڵبژاردنە بە گرنگترین هەڵبژاردن دەبینن لە مێژوی توركیادا، بۆیە بڕیاریانداوە پشتیوانی لە "كەمال كلیچدار ئۆغڵو" بكەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ١٤ی ٥ی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و سەرۆکی ئاک پارتی و کەمال کلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە دوو کاندیدی رکابەری یەکترن و کوردیش کە بەڵام بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین و لەو نێوەندەشدا نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی کورد مافی دەنگدانی هەیە. بەڵام پارتە کوردییەکان بەسەر هاوپەیمانێتییەکاندا دابەشبوون و نەیانتوانیوە هێڵی گشتی یەکگرتووییان بپارێزن.

لە رێکەوتی ٢١ی ٤ی ٢٠٢٣ دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی یۆنەیلەم تایبەت بە راپرسی لەنوێترین راپرسیدا بڵاویکردەوە، لەهەڵبژاردنەکەی ١٤ی ٥ی ٢٠٢٣ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) بەرامبەر بە "کەمال کلیچدار ئۆغڵو "کاندیدی هاوپەیمانی میللەت شکستدەهێنێت.



کـ - ئـ













گەلەری