سەردێڕ:

ئەمریکا سزای بەسەر ١١ بەرپرسی ئێراندا سەپاند

PM:06:48:25/04/2023

2112 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بەرپرسیاربوونیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەمریکا بڕیاری دا بە سەپاندنی سزا بەسەر ١١ بەرپرسی ئێرانیدا.


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمریکا سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە لە ئێران بەردەوامە.

دەشڵێت، "پێداگرین لەسەر پشتیوانیکردنی گەلی ئێران کە رووبەڕووی رژێمی وەحشیگەریی ئێران بووەتەوە."

ئاماژەی بەوەشدا، پشتیوانی لە داخوازییەکانی گەلی ئێران دەکەن بۆ رێزگرتن لە ئازادییە بنەڕەتییەکان.

لە راگەیەندراوەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ریزبەندی هۆکاری سزاکان خراوەتەڕوو و ئەوە هاتووە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوە سنووردارکردنی ڤیزە لەسەر ١١ بەرپرسی ئێران دادەنێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی بەرپرسن یان رۆڵیان هەیە لە کوشتن، دەستبەسەرکردن و لێدانی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و رێگریکردن لە گردبوونەوەی ئاشتیخوازانە و بەرگرتن لەوەی خەڵک ئازادانە ڕای خۆی دەرببڕێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٩ی ٤ی ٢٠٢٣ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر چەند کۆمپانیایەکدا سەپاند کە لە بواری پیشەسازی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا هاوکاری ئێران دەکەن و لە نێویاندا کۆمپانیای چینی و ئێرانی بوونی هەیە.


 













گەلەری