ماوەی شەش مانگە دۆخی عێراق هێمنی بەخۆیەوە بینیوە ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی ناکۆکی نێوان گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، دوای ئەوەی بۆردومان و بە ئامانجگرتنی نێوان ئەو دوو لایەنە وەستاوە بەهۆی رێککەوتنی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە.
ئەم دۆخە ئارامەی عێراقی پێدا دەڕوات، لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندس جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکاوە دەستی پێکردووە.
ئەم دۆخە ئارامە لە عێراق لە
ئەنجامی رێککەوتنێکی بە فەرمی رانەگەینراوە و بە دیاریکراوی لە دوای پێکهێنانی
حکومەتی سودانییەوە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو هاوپەیمانییەی پێکهاتووە لە
فراکسیۆن و حزبە نزیکەکانی ئێران هەستیپێکراوە.
راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی
عێراق رایگەیاند، ئەم هێمنی و ئارامییە رووی لە عێراق کردووە بە رێککەوتنێک بووە لە
نێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ژمارەیەک سەرکردەی چوارچێوەی هەمانگی
و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، بۆ ئەوەی هەلێک بەم حکومەتە نوێیەی عێراق ببەخشن
بۆ دابینکردنی سەقامگیری ئەمنی و نەبوونی پشێوی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی.
لە سێ جێگای سەرەکی هێزە ئەمریکییەکان
لە عێراق بوونیان هەیە، یەکەمیان بنکەی "عەین ئەلئەسەد"ە و دەکەوێتە
دووری ١٣٠ کیلۆمەتر لە شاری رومادی سەر بە پارێزگای ئەنبار.
دووەمیان لە بنکەی "هەریرە
" لە باکوری پارێزگای هەولێر و سێیەمیان بنکەی سەربازی "ڤیکتۆریا"ی
تەنیشت فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدایە و زۆربەی ئەرکە گرنگ و شیکاریی و هەواڵگرییەکان
لەوێدا ئەنجامدەدرێت.
پێش پێکهێنانی حکومەتی محەمەد
شیاع سودانی، ئەو بنکە سەربازییانەی هێزەکانی ئەمریکای لە خۆگرتبوو لە عێراق بەردەوام
لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کاتیۆشاوە دووچاری بۆردومان دەبوونەوە لەلایەن
گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێرانەوە کە بە "فراکسیۆنی بەرخۆدانی ئیسلامی"
ناسراون.
کۆتا هێرشی مووشەکیش لە رێکەوتی
٢٩ی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو بوو لە ناوچەی سەوز لە پارێزگای بەغدا و چەند مووشەکێک
بەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا کەوت.