سەردێڕ:

بانکی ناوەندی لەبارەی کڕینی دۆلارەوە پەیامێکی ئاڕاستەی سەرجەم بازرگانان کرد

PM:11:00:24/04/2023

34372 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا سەرجەم بازرگانەکان بە بچووک و گەورەوە دەتوانن لە رێگەی سەکۆی ئەلکترۆنییەوە دۆلار بە نرخی فەرمی پەیدابکەن و لە ئێستادا بەهۆی ئەو سەکۆیەوە خەرجی دۆلار بەشێوەی کاشیش رێکخراوە.


ئیحسان یاسری راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە ئێستادا هەموو بازرگانەکان دەتوانن لە رێگەی سەکۆی ئەلکترۆنییەوە دۆلاری پێویست دەستبخەن و خەرجی دۆلاریش بە شێوەی کاش بەهۆی رێکارەکانەوە رێکخراوترە.

ئاماژەی بەوەشدا، شتێکی ئاساییە دۆلار بەرامبەر دینار لە بازاڕەکاندا بۆ نرخی ئاسایی خۆی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دیاریکراوە داببەزێت، چونکە دۆلایش کەلوپەلێکە و پێویستی بەوەیە خواستی کڕینی لەسەر هەبێت.

ئیحسان یاسری باسی لەوەشکرد، تاوەکو داواکاراییەکانی کڕین بە دۆلار ئەنجامبدرێت لە رێگەی سەکۆی ئەلکترۆنییەوە ئەوا هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی بازرگانەکان فرۆشتن بە دۆلار ئەنجامبدەن و هیوادارن هەموو فرۆشتنێک بە دینار بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە مامەڵاکانی فرۆشتن بە دینار ئەنجامبدرێت چونکە دراوی وڵاتەکەیە و دۆلاریش بۆ بازرگانەکان و گەشتیاران و ئەو کەسانەی پێویستیان بە چارەسەری پزیشکییە هەیە و ئەو کەسانەی لە دەرەوەی عێراق دەخوێنن بەردەستە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، بەهۆی نەبوونی سیستمی ئەلکترۆنی و بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی سزای ئەمریکایان لەسەرە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر بانکی ناوەندی عێراقدا سەپاند و بەهای خستنەڕووی رۆژانە بۆ خوار ١٠٠ ملیۆن دۆلار کەمبووەوە و بەهای دۆلار گەیشتە ١٧٠ هەزار دینار.













گەلەری