سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی باس لە تێپەڕاندنی کورتهێنانی بودجە لە پەرلەمان دەکات

PM:08:30:23/04/2023

2284 جار خوێندراوەتەوە

راویژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق خاڵە بنەڕەتییەکانی تێپەڕاندنی کورتهێنانی بودجەی دیاریکرد و رایگەیاند، بەگوێرەی تێبنییەکانی لیژنەی دارایی و پەرلەمان لەسەر بودجە، پێویستە حکومەت هەندێک گۆرانکاری ئەنجام بدات تا کورتهێنانی بودجە تێپەڕێنرێت.


مەزهەر محەمەد راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لێکتێگەیشتن لەنێوان پەرلەمان و حکومەتدا هەیە، بەڵام تێبینییەکانی پەرلەمان بۆ لیژنەی دارایی لە پەرلەمان لەسەر حکومەت پێویستدەکات هەندێک گۆرانکاری ئەنجام بدات.

وتیشی، دانوستان لەنێوان حکومەت و پەرلەماندا هەیە و پێویست ناکات جارێکی دیکە پرۆژە یاسای بودجە بگەڕێندرێتەوە، چونکە لەڕاستیدا کات درەنگی کردووە و ئەوە چوار وەرزە بودجە و پلانی دارایی لە وڵاتدا تێنەپەڕێندراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێیوایە لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لە ناوخۆیاندا پێویستیان بە کۆدەنگی نیشتیمانی هەیە هەتا بتوانرێت پڕۆژە یاساکە تێپەڕێنرێت لەگەڵ ئەنجامدانی هەندێک گۆرانکاری سادە لەدیاریکردنی بڕی بەشە بودجەی وەبەرهێنان لەنێوان پارێزگاکان و هەرێمەکاندا.

مەزهەر محەمەد وتیشی، بابەتی دواکەوتنی تێپەڕاندنی بودجە بابەتێکی گفتوگۆهەڵگرە، چونکە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت ٧٠ دۆلار بووە ئەمەش بووە بە هۆی دواکەوتن، بەڵام لەهەمانکاتدا نرخی بەرمیلێک نەوت لەئێستادا و ماوەی پێنج مانگە لەسەرو ٨٠ دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت کە ئەوەش سوودێکی گەورە بە ئابوری وڵات دەگەیەنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، خاڵێکی دیکە ئەوەیە زیادەڕۆیی هەیە لە پرۆژە یاسای بودجەی سالی ٢٠٢٢دا دەرکەوت کە نەتوانرا بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوە لە جیهاندا پرۆژە یاسای بودجە تێپەڕێنرێت لەگەڵ ئەوەشدا نەتوانرا داهاتە نانەوتییەکانی دیکە بەشێوەیەکی دروست هەژمار بکرێن لەگەڵ بە فیڕۆدانی پارە و دارایی عێراق، بەڵام ئەمساڵ دەتوانرێت بەبێ بوونی هیچ گرفتێک پرۆژە یاساکە تێپەرێنرێت.

دەشڵێت، بۆ داهاتووی دوور پێویستییان بە گەشەپێدان و بەرەوپیشەوەبردنی زیاتر هەیە لەگەڵ هەمەڕەنگکردنی سەرچاوە ئابورییەکان و سەرچاوەکانی دیکەی داهات کە پێویستە لەسەر حکومەت بە ئەنجامدانی ئەو کارە هەڵسێت.

راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی ئاشکراکرد، لەئێستادا جوڵەی پەرەپێدان و بەرەوپێشەوەبردن و گەشە پێدان لەعێراقدا لە ئاستێکی بەرزدایە کە لە داهاتە نانەوتییەکان و سەرچاوە سروشتییەکانی دیکەدا خۆی دەبینێتەوە وەک کشتوکاڵ.

وتیشی، حکومەت بەرنامەیەکی قوڵ و بەرفراوانی بۆئەو مەبەستە داڕشتووە کە لەدوای ٢٠ ساڵ توانیویەتی گۆرانکاری لە ئابوری عێراقدا دروست بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی ١٣ی ٣ی ٢٠٢٣ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژەیاسای بودجەی پەسەند کرد و رۆژی ١٧ی ھەمان مانگە رەوانەی ئەنجومەنی نوینەرانی کرد.

رۆژی ٢ی ٤ی ٢٠٢٣، موحسن مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆژەیاسای بودجەی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ رەوانەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کرد.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژانی ١٦ – ١٧ی ٤ی ٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٩٨ پەرلەمانتار خوێندەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە کرا.

پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی ساڵی ٢٠٢٣، گەورەترین پڕۆژە یاسایی بودجەیە و برەکەی زیاترە لە ١٩٨ ترلیۆن دینار و پشکی هەرێم تیایدا بە لە ٪١٢.٦٧ جێگیرکراوە، بڕی کورتهێنانیش لە بودجە ٦٤ ترلیۆن دینارە و لە پڕۆژە یاساکەدا بەهای بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلارە و ١٠٠ دۆلاریش بە ١٣٠ هەزار دینار جێگیرکراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق زیاد دەکرێت و شایستەی دارایی زیاتری بۆ دابین دەکرێت و مووچەی پێشمەرگە لە بودجەی عێراق هەژمار دەکرێت.













گەلەری