سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، سزا بەسەر ٣٢٢ کۆمپانیادا دەسەپێنن کە پێداویستییەکانی سوپای روسیا دابین دەکەن.
ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە تیایدا رایگەیاند، سێ پاکێجی سزا دژ بەو لایەنانە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە پاڵپشتی لە هێرشەکانی روسیادا دەکەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەکێک لە پاکێجی
سزاکان بۆ ئەو کۆمپانیا پیشەسازییە سەربازییانە ئامادەکراوە کە پێداویستییە سەربازییەکانی
سوپای روسیا دابین دەکەن.
سەرۆکی ئۆکرانیا وتیشی، "ئەمجارە
٣٢٢ کۆمپانیای بەرهەمهێنانی چەک و پێکهاتە و هاوشێوەکانی خرایە لیستی سزاکانەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، دوو لیستەکەی دیکەی
سزاکان ئەو کەس و لایەنە یاساییانە لە خۆدەگرن کە لایەنگریی روسیا دەکەن لە وەبەرهێنانەکاندا.
دەشڵێت، "ئەمە یەکێکە لە ئامانجە
هاوبەشەکانی هەموو ئەوانەی هەوڵ دەدەن بۆ سەرکەوتنمان و کۆتایی هێنان بە شەڕ".
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئاشکرای کرد، پلانی
مۆسکۆ بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان بووەتە هۆی درێژبوونەوەی شەڕەکە، هەربۆیە تا
سزاکان زیاتر بخرێنە سەر روسیا و هەموو ئەو کەسانەی پەیوەندییان بەم وڵاتەوە هەیە،
ئەوەندە خێراتر سەرکەوتن بەدەست دەهێندرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ١٨ی ٣ ی ٢٠٢٣ بە مەرسوومێکی سەرۆکایەتی ڤۆلۆدمێر
زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا فەرمانی سەپاندنی سزای بەسەر ١٤١ لایەنی فەرمی و ٣٠٠ کەسایەتیدا
دەرکرد کە لە نێوانیاندا بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا و حسێن ئارنۆس سەرۆکوەزیرانی
سوریا و و فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوە هەبوون.
لە کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٢ بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا
سوپای وڵاتەکەی ئۆپراسیۆنەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و لەبەرامبەردا ئەمریکا
و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان زنجیرەیەک سزای ئابوری و بازرگانی و داراییان
خستە سەر حکومەت و کۆمپانیا و دامەزراوە فەرمییەکانی روسیا و بە پێدانی پارە و فرۆشتنی
چەک و مەشقپێکردنی سوپا هاوکاری ئۆکرانیا دەکەن و تا ئێستاش کۆمەکییەکان بەردەوامن.