سەردێڕ:

وەک قەرەبوویەک بۆ هەڵئاوسانی ئابووری؛ ئەڵمانیا موچەی فەرمانبەرانی زیادکرد

PM:03:47:23/04/2023

2256 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، بریاریان داوە موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بە رێژەی ٥.٥٪ زیاد بکەن وەک قەرەبوویەک هەڵئاوسانی ئابوری ئەو وڵاتە.


نانسی فیسەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، گەیشتوون بە رێککەوتنێکی بەرپرسیارانە لەبارەی موچەی فەرمانبەران و موچەی ٢.٥ ملیۆن فەرمانبەر لە کەرتی گشتی بە رێژەی ٥.٥٪ زیاد دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، بە رێژەی ناوەندی هەر فەرمانبەرێک ٣٧٧ دۆلار دەچێتە سەر مووچەکەی.

لەوبارەیەوە سەندیکای فێردی کە تایبەتە بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی ئەڵمانیا دەڵێت، "هەوڵێکی زۆرمان دا و ئەم بڕیارە نوێیەمان قبوڵە."

لە ماوەی رابردوو ئەو سەندیکایە داواکاری فەرمی ئاڕاستەی حکومەتی ئەڵمانیا کرد بۆ زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت بە رێژەی ١٠.٥٪ لە ماوەی ساڵی داهاتوو یاخود زیادکردنی ٥٥٥ دۆلار بۆ مووچەی هەر فەرمانبەرێک.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، ئاستەکانی هەڵئاوسان لە مانگەکانی رابردوو زیانی بە یەکێک لە وڵاتە خاوەنی ئابوریە گەورەکانی ئەوروپا گەیاند کە ئەڵمانیایە، بە شێوەیەک رێژەی هەڵئاوسانی ئابوری گەیشتە ١٠.٤٪ لە ماوەی ساڵێکدا.

جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ٢٠٢٢ چوار ملیۆن فەرمانبەری ئەڵمانی لە کەرتی پیشەسازی مووچەکانیان بە رێژەی ٨.٥٪ زیادکرا.













گەلەری