سەردێڕ:

درێژى تەمەنى مرۆڤ لە گوندێکی پاکستان بووەتە جێگەی سەرنج

PM:10:27:22/04/2023

5216 جار خوێندراوەتەوە

هۆزى هونزا کە ژمارەیان نزیکەی ٩٢٠ هەزار کەسە، هۆزێکی موسڵمانن لە نزیک چیای قەرەکۆرام لە باکوری پاکستان دەژین، لە شوێنێک کە پێی دەوترێت "دۆڵی نەمرەکان"، چونکە تێکڕای تەمەنیان لە ١٠٠ ساڵ کەمتر نییە، و زۆربەشیان تا تەمەنی ١٥٠ ساڵی دەژین.


ئەوەی سەرسوڕهێنەرە ئەوەیە خەڵکى ئێرە بە دەگمەن نەخۆش دەکەون و بەهۆى باشى تەندروستییانەوە کەمتر کاریگەریی پیربوونیان پێوە دیارە، بەجۆرێک لەو ناوچەیە تەمەنی ٧٠ ساڵیش هێشتا بە قۆناغی گەنجی دادەنرێت، ژن و پیاویان لە تەندروستییەکی نایابدان و پێستێکی تازەیان هەیە.

دوورییان لە شار و ژاوەژاوەکەی و تەکنەلۆجیا و ژیانیان لەنێو شاخەکاندا، گرنگترین نهێنی گەنجێتی و تەمەن درێژیانە، هاوکات تەنها سەوزە و میوە و ئەو خواردنانە دەخۆن کە تەندروستن و ڕێژەیەکی زۆر پرۆتینیان تێدایە.

جگە لەوەش، هەمیشە وەرزشى یۆگا دەکەن و رۆژانەش زۆر بە پێ دەڕۆن.

ژیانی کۆچەرییان و هاوئاهەنگییان لەگەڵ سروشت و شاخەکان ڕێگری دەکات لە توشبوونیان بە نەخۆشیەکانی سەردەم، بەو پێیەی هیچ زانیاریەکیان لەسەر نەخۆشیەکانی شێرپەنجە و شەکرە و فشارى خوێن و قەڵەویش نیە.

بەڵام تاکە شتێک کە بەدەستیەوە دەناڵێنن تێکچوونی چاویانە، بەهۆی دوکەڵی ئاگری چێشتلێنان و ئامادەکردنی خواردنەوە.













گەلەری