سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی عێراق: پەرلەمان هەموو تێبینییەکانی لەسەر بودجە وەرگرتووە و رەوانەی حکومەتی دەکات

PM:08:47:22/04/2023

27356 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمان تێبینییەکانی رەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی پێگەیشتووە و بەنیازە رەوانەی حکومەتی بکات.


ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شەمەری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، پەرلەمانتاران هەموو تێبینییەکانیان سەبارەت بە بودجە خستووەتەڕوو دوای ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرا و ئێستاش لە لیژنەی دارایی پەرلەمان کار دەکرێت بۆ تەواوکردنی سەرجەم تێبینییەکان و هەموارکردنە پێشنیار کراوەکان و ناردنیان بۆ حکومەت.

باسی لەوەشکرد، رەنگە دانانی خشتەی تێبینییەکان تا کۆتایی مانگی ئایار بخایەنێت، دواتر حکومەت پێداچوونەوە بەو تێبینیانەدا دەکات پێش ئەوەی دەقی پرۆژە یاسای بودجە بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان و ئامادەکاری بۆ دەنگدان لەسەری دەکرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لە بارەی تێبینییەکانی پەرلەمانەوە دەڵێت، پەرلەمان تێبینی لەسەر پڕۆژە یاساکە هەیە بە تایبەت بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ پارێزگاکان کە دوو ترلیۆن و نیوە، لە کاتێکدا یاسای پاڵپشتی دۆخی کتوپڕ، هەشت تا ١٠ ترلیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ پارێزگاکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە دامەزراوەی شەهیدان و بڕی کورتهێنان و تێبینی هەیە و دەبێت بڕی تەرخانکراو بۆ شەهیدان زیاد بکرێت و بڕی کورتهێنانیش کەمبکرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ١٣ی ئازار ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەشنووسی بودجەی هەرسێ ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ ـی پەسەندکرد و بۆ پەرلەمانی عێراقی نارد.

لە ئێستادا پڕۆژە یاسای بودجە خوێندنەوەی دووەمی تەواو بووە و بڕیارە بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی عێراق تاوەکو لەسەر تێبینییەکانی پەرلەمان کارە پێویستەکان ئەنجام بدات و دواتر دەنێردرێتەوە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی دەنگدان.

پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی ساڵی ٢٠٢٣، گەورەترین پڕۆژە یاسایی بودجەیە و برەکەی زیاترە لە ١٩٨ ترلیۆن دینار و پشکی هەرێم تیایدا بە لە ٪١٢.٦٧ جێگیرکراوە، بڕی کورتهێنانیش لە بودجە ٦٤ ترلیۆن دینارە و لە پڕۆژە یاساکەدا بەهای بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلارە و ١٠٠ دۆلاریش بە ١٣٠ هەزار دینار جێگیرکراوە.













گەلەری