سەردێڕ:

پێگەی پارتە کوردەکان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا

PM:11:42:19/04/2023

6064 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەرچی بەشێوەیەکی زانستی و ورد ئامارێک لەبەردەستدانییە تا رێژەی دەنگدەرانی کورد لە تورکیا دەستنیشانبکات، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین و لەو نێوەندەشدا نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی کورد مافی دەنگدانی هەیە. بەڵام پارتە کوردییەکان بەسەر هاوپەیمانێتییەکاندا دابەشبوون و نەیانتوانیوە هێڵی گشتی یەکگرتووییان بپارێزن.


یەکێک لە هاوپەیمانێتییەکانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، بریتییە لە هاوپەیمانی پارتی کۆماری کە لە ئاک پارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست "مەهەپە" و پارتی یەکێتی گەورە و پارتی گەشەپێدانی نوێ (یەنیدن رەفح)، پارتی چەپی دیموکرات و پارتی دۆزی ئازاد (هودا-پار) پێکدێت.

لە نێو ئەم هاوپەیمانیتییەدا پارتی هودا-پار هەیە کە پارتێکی کوردی ئیسلامییە و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا وەک درێژەپێدەری حزبوڵا دەبینێت و لەو بارەوە ڕەخنەی لێدەگرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەگەڵ زەکەریا یاپیچیۆغڵو، سەرۆکی هودا -پار دەچێتە بەردەم لایەنگرانی پارتەکە و بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، هاوپەیمانی نیشتمانی هەیە کە لە شەش حزب پێکدێت و پێش هەڵبژاردن بە هاوپەیمانی شەشقۆلی ناسراو بوو کە لە هەریەک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی باش، پارتی داهاتوو، پارتی دیموکراسی و گەشەپێدان، پارتی دیموکرات و پارتی سەعادەت پێکهاتووە.

هاوکات، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەرەتا ویستی بچێتە ناو ئەم هاوپەیمانییەوە، بەڵام بەهۆی هەندێک نیگەرانییەوە، هاوپەیمانی شەشقۆڵی لە هەدەپە نزیک نەبووەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەدەپەدا نەپچڕاند.

دوابەدوای ئەمەش، هەدەپە لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا ، پارتی کار ، پارتی ئازادی کۆمەڵایەتی، پارتی بزووتنەوەی کارکەران و فیدراسیۆنی ئەنجومەنی سۆسیالیست "هاوپەیمانی کار و ئازادییان" دامەزراند. بەڵام بەهۆی دۆسێی داخستنی، هەدەپە لە ژێر ناوی "پارتی چەپی کەس" لەم هاوپەیمانێتتیەدا بەشداری دەکات.

لەبارەی ئەم هاوپەیمانێتییەوە، ئازاد باریش، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە و بیرکردنەوەی سپێکترۆم هاوس بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، بە گوێرەی لێکدانەوەیەکیان یەکێتی کار و ئازادی وەک هیوایەکی گەورە دێتە پێشەوە. ئەم هاوپەیمانییە ڕێگای سێیەم لە تورکیا دادەمەزرێنێت. بۆیە ئەم هاوپەیمانییە رۆڵی سەرەکی لە بڕیارەکەدا دەگێڕێت.

هاوپەیمانی چوارەم بریتییە لە " هاوپەیمانی ئاتایە" کە لە پارتەکانی سەرفرازی و داد و وڵاتەکەم و پارتی هاوپەیمانی تورکیا پیکهاتووە.

هاوپەیمانی ئاتا تەواوی ستراتیژی خۆی لەسەر نەهێشتنی پەنابەران چڕکردووەتەوە و هەڵمەتەکانی بە هێڵێکی ناسیۆنالیزمی تورکیا بەڕێوە دەبات و "ئومێد ئۆزداغ" سەرۆکی پارتی سەرفرازی لە سەرکردایەتی ئەم هاوپەیمانییەدایە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٨ کاتێک هاوپەیمانی کوردستانی دامەزرا، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا، پارتی دیموکراتی باکوری کوردستان و تەڤگەری ئازادی لە خۆ گرتبوو. ئەوکات هەریەک لە هاک- پار و هودا – پار پەیوەست نەبوون بەم هاوپەیمانییەوە.

هەروەها، لە هەڵبژاردنی ٣١ی ٣ی ٢٠١٩ دا هەدەپە لەگەڵ بەشێک لە پارتە کوردەکانی وەک پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، پارتی ئازادی و مرۆڤ، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان- تورکیا، پارتی دیموکراتی کوردستان-باکور، پلاتفۆرمی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی دیموکراتی کورد لە ژێر ناوی "هاوپەیمانی کوردستانی" هاوپەیمانێتییەکی دروستکرد و چووە ناو هەڵبژاردنەوە.

بەڵام لە ئێستادا، بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوپەیمانی کوردستانی لە ژێر چەتری هاوپەیمانی کار و ئازادیدا دابەشبوون و بەشداری هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاری ئەمساڵ دەکەن. لەکاتێکدایە، هودا-پار و هاک-پار بە تەنیا دەچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوە و بەمەش پارتە کوردییەکان نەیانتوانیوە هێڵی گشتی یەکگرتووییان بپارێزن.













گەلەری