سەردێڕ:

ئەم بانکە پێشینەیەک بە برێ ٢٥ ملیۆن دینار دەداتە چەند توێژێک

PM:10:49:19/04/2023

3228 جار خوێندراوەتەوە

بانکی رافیدەین رایگەیاند، لەرێگەی بەکارهێنانی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە گوژمێکی دیکەی پێشینە دەداتە فەرمانبەران و کارمەندانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری کە بە بڕی پێنج ملیۆن دینار دەستپێدەکات و دەگاتە ٢٥ ملیۆن دینار.


نوسینگەی راگەیاندنی بانکی رافیدەین راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەبەوەکراوە، پێشینەیەکی دیکەی نوێ بە فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری دەدات کە لە پێنج ملیۆن دینارەوە دەست پێدەکات و بە ٢٥ ملیۆن دینار کۆتایی دێت.

باسی لەوەشکردووە، پێدانی پێشینەکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و ئەو کەسەی پێشینەکەی پێدەدرێت لەرێگەی کورتەنامەیەکەوە ئاگادار دەکرێتەوە ئەوەش دوای تەواوکردنی تەواوی مامەڵە پێویستەکان بەمەبەستی پێدان و وەرگرتنی پێشینەکە کە لەرێگەی ماستەر کاردێکەوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەرگرەکە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، بانک داوای لەو کەسانە کردووە کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە سەردانی بانکەکە و لقەکانی یان شوێنەکانی ئاڵگۆڕکردنی دراو بکەن بۆئەوەی بتوانن پیشینەکە وەربگرن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بانکەکە بەشێوەی یەک لە دوای یەک و بەپێی خشتە و کاتەکان بەردەوامە لە کارکردن بۆ پێدانی پێشینە نوێیەکان بەداواکاران و لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی ئەلیکترۆنی بانکی رافیدەینەوە جێبەجێ دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆکاری ئەوەی بانکی رافیدەین و رەشید لقیان لە هەرێمی کوردستان نییە، هاوڵاتییانی هەرێم بێبەشدەبن لە پێشینە جۆراوجۆرەکانی ئەم دوو بانکە.

هاوکات، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم سەرجەم جۆرەکانی پێشینەی بە بیانوی جۆراوجۆر راگرتووە و لە ئێستادا کە شەری داعش و رێکارەکانی کۆرۆنا نەماون و نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و داهاتی نانەوتی و ناوخۆیی و خاڵەسنورییەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، بەڵام هێشتا حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم هیچ پلانێکی نییە بۆ دەستپێکردنەوەی پێدانی پێشینەکان بە هاوڵاتییانی هەرێم.

هەروەها، لەگەڵ ئەوەی هەرێم خۆی پێشینەکانی راگرتووە، بەڵام هەنگاوی کردەییشی نەناوە تا هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید لقیان لە پارێزگاکانی هەرێم بکەنەوە تا هاوڵاتییانی هەرێم سودمەندبن لە پێشینە جۆراوجۆرەکانی ئەو دوو بانکە عێراقییە.













گەلەری