سەردێڕ:

سیستمی بەرگری پاتریۆت گەیشتە ئۆکرانیا

PM:09:50:19/04/2023

3208 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، سیستمی بەرگری پاتریۆتی دژەموشەک گەیشتووەتە وڵاتەکەی. دەشڵێت، "لە ئێستادا ئاسمانی وڵاتەکەی لەهەمووکاتێک ئارامترە".


ئۆلیکسی ریزنیکۆڤ وەزیری بەرگری ئۆکرانیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، وڵاتەکەی سیستمی دژەموشەکی پاتریۆتی دروستکراوی ئەمریکای بەدەست گەیشتووە کە ماوەیەکی زۆرە کیێڤ چاوەڕوانی بەدەست گەیشتنییەتی بۆئەوەی دژی هێرشەکانی روسیا بتوانێت بەرگری لەخۆی پێبکات لەماوەی جەنگی نێوانیاندا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا ئاسمانی ئۆکرانیا لەهەموو کاتێک ئارامترە، چونکە سیستمی پاتریۆتی دژەموشەکی ئەمریکا گەیشتووەتە کیێڤ.

سیستمی پاتریۆت دەتوانێت فڕۆکە و مووشەکی رێنمایی کراو (زیرەک) و موشەکی بالیستی کورت مەودا بکاتە ئامانج.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرپرسانی ئۆکرانیا لەماوەی رابردوودا رایانگەیاند، ئەمریکا لەمانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا رەزامەندی لەسەر ناردنی سیستمی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا دەربڕیووە کە دەبێتە پاڵپشتییەکی گەورە و خاڵی وەرچەرخان لەجەنگی دژی لەشکرکێشییەکانی روسیادا بۆسەر خاکی ئۆکرانیا.

لایخۆیەوە، یۆری ئیهنات وتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا، بەدەست گەیشتنی سیستمەکە خاڵێکی گرنگە، چونکە رێگە بە ئۆکرانییەکان دەدات لەدوورییەکی زیاترەوە ئامانجەکانیان بپێکن.

هاوکات، حکومەتی ئەڵمانیا سیستمی پاتریۆتی لە لیستی ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانەدا دیاریکرد کە هەفتەی رابردوو رادەستی ئۆکرانیای کرد، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئەوەشی خستەڕوو، بۆیەکەمجار لە ئابی ٢٠٢١دا داوای پێدانی سیستمی پاتریۆتیان لە ئەمریکا کردووە کە پێش پێنج مانگ لە هەڵگیرسانی جەنگی نێوانیان لەگەڵ روسیا دەکات.













گەلەری