سەردێڕ:

سودانی بڕی ١٠٠ هەزار دینار جەژنانە دەداتە ژینگەپارێزان

PM:05:11:19/04/2023

10696 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە بڕی ١٠٠ هەزار دینار وەک جەژنانە دەداتە ژینگەپارێزان.


نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق نوسراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە بۆ جەژنی رەمەزان بڕی ١٠٠هەزار دینار جەژنانە بدرێتە ژینگەپارێزان.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە پای کارکردنیان بە دڵسۆزی و خزمەتکردن ئەو پاداشتەیان وەک جەژنانە پێدەدرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی ١٠ ساڵە حکومەتی هەرێم بە بیانوی بوونی قەیرانی داراییەوە هیچ جەژنانەیەکی نەداوە بەفەرمانبەران. هاوکات، لە ساڵی ٢٠١٤دا بەبیانوی قەیرانی داریی و جەنگی داعش و دابەزینی نرخی نەوت بەناوی پاشەکەوتکردن ولێبڕینەوە بەشێک لە موچەی فەرمانبەرانی بڕی و لە ئێستاشدا کە نرخی نەوت بەرزە و داهاتی نانەوتی و خاڵەسنورییەکان و ناوخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، نەپاشکەوتی موچەی بۆ فەرمانبەران گێڕاوەتەوە و نە هیچ بڕەپارەیەکی وەک جەژنانە دەداتە فەرمانبەران. تەنانەت، پێشتر بڕیاریدا کە هەموو ٢٥ی مانگێک موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشبکات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە بەڵێنەکەی بباتەسەر.

هەروەها، لە ئێستادا کە تەنها چەند رۆژێکی ماوە بۆ جەژنی رەمەزان و نزیکبوونەوە لەکۆتاییەکانی مانگی نیسان، موچەی مانگی ئازاری بەتەواوەتی بەسەر موچەخۆراندا دابەشنەکردووە و بەشێک لە وەزارەتەکان دوای جەژن موچەکانیان وەردەگرن.
لەماوەی رابردووشدا، ژینگەپارێزانی هەرێم چەندینجار بەهۆی دواکەوتن و دابەشنەکردنی موچەکانیانەوە مانیانگرت و بایکۆتی کارەکانیان کرد و بۆ ماوەیەکیش ناوەندی شارەکان بەهۆی کۆبوونەوەی خاشاک شێوازێکی ناشارستانی وەرگرت و پیس بوو و پسپۆڕان لە مەترسی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هۆشدارییاندا. 













گەلەری