سەردێڕ:

بانکی ناوەندی عێراق رێژەی خستنەڕووی بۆ زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بەرزکردەوە

PM:01:40:19/04/2023

5076 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێڕاق رێژەی خستنەڕووی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە و ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکی ناوەندی عێراق ٣١٩ ملیۆن و ٥٩٥ هەزار و ٩١٧ دۆلاری خستوەتەڕوو بەوەش بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو رێژەی خستنەڕوی لە ٪٥٠ بەرزکردووەتەوە.

لەو بڕەی بانکی ناوەندی خستویەتییەڕوو، ٩٣ ملیۆن و ٦٩٥ هەزار و ٩١٧ دۆلاری بەشێوەی حەواڵە فرۆشتووە و ٢٢٥ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلاریش بە شێوەی نەختینەی خراوەتە بازاڕەوە، بەوەش رێژەی فرۆشی بەشێوەی نەختینەی زۆر بەرزە بەراورد بە رۆژانی رابردوو کە بەردەوام فرۆشی حەواڵە زیاتر بووە لە فرۆشی نەختینەی.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای هەڵگرتنی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر بانکی ناوەندی عێراق، بانکەکە رایگەیاند، گرفتیان بۆ خستنەڕوو نەماوە و رۆژانە بەپێی پێویستی دۆلار دەخرێتە بازاڕەوە.

لەماوەی رابردوودا، بەهۆی نەبوونی سیستمی ئەلکترۆنی و بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی سزای ئەمریکایان لەسەرە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر بانکی ناوەندی عێراقدا سەپاند و بەهای خستنەڕووی رۆژانە بۆ خوار ١٠٠ ملیۆن دۆلار کەمبووەوە و بەهای دۆلار گەیشتە ١٧٠ هەزار دینار.

لە ئێستادا بانکی ناوەندی عێراق رۆژانە رێژەی خستنەڕووی بەرزە و بەگشتی لە هەفتەیەکدا زیاتر لە ٨٠٠ ملیۆن دۆلار دەخاتەڕوو، هاوکات بەهای دۆلار بۆ خوار ١٤٥ هەزار دابەزیوە و چاوەڕوان دەکرێت دوای پەسەندکردنی بودجە بەهای دۆلار بۆ سەر نرخی فەرمی بانکی ناوەندی عێڕاق داببەزێت کە بڕەکەی ١٣٠ هەزار دینارە.













گەلەری