سەردێڕ:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی وادەی پەسەندکردنی بوجە و زیادکردنی پشکی هەرێمەکانی ئاشکرا کرد

PM:08:48:18/04/2023

13300 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وادەی پەسەندکردنی بودجەی گشتی دەکەوێتە مانگی ئایارەوە. دەشڵێت، "پشکی بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان لە دوو ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینارەوە بۆ چوار ترلیۆن دینار بەرزدەکرێتەوە".


موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دانیشتنی پەرلەمان بەکراوەیی دەمێنێتەوە بە ئامانجی تەواوکردنی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی.

ئاماژەی بەوەشدا، چەندین تێبینی و رەخنە و پێشنیاز لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە هەیە و گفتوگۆکانیش چەندین رۆژی دەوێت.

ئەوەشی خستەڕوو، کۆتا وادە بۆ دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای گشتی بودجە مانگی ئایار دەبێت، دوای ئەوەی بۆچوونی شارەزایان وەردەگیرێت و میوانداریکردنی وەزیرەکان و بەرپرسانی پەیوەندیدار سازدەکرێت بە ئامانجی کارکردن بۆ کەمکردنەوەی بودجە و کورتهێنان کە دەگاتە ٦٤ ترلیۆن دینار.

موعین کازمی ئەوەشی ئاشکرا کرد، بۆچوونێک هەیە لەبارەی کەمکردنەوەی بودجەی بەکارهێنان و بەرزکردنەوەی رێژەی بودجەی تەرخانکراو بۆ گەشە پێدانی هەرێمەکان لە دوو ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینارەوە بۆ چوار ترلیۆن دینار.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژانی ١٦ – ١٧ی ٤ی ٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٩٨ پەرلەمانتار خوێندەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە کرا.

بە گوێرەی زنیارییەکان پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق زیاد دەکرێت و شایستەی دارایی زیاتری بۆ دابین دەکرێت و مووچەی پێشمەرگە لە بودجەی عێراق هەژمار دەکرێت.

رۆژی ٢ی ٤ی ٢٠٢٣، موحسن مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆژەیاسای بودجەی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ رەوانەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کرد.

لە رۆژی ١٣ی ٣ی ٢٠٢٣ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژەیاسای بودجەی پەسەند کرد و رۆژی ١٧ی ھەمان مانگە رەوانەی ئەنجومەنی نوینەرانی کرد.

پێشتر باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو، قەبارەی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دەگاتە ١٩٧ تریلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینار و کورتھێنان لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، ٦٣ تریلیۆن دینارە.













گەلەری