سەردێڕ:

کۆمەڵەی حەوت هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر جوڵەکانی چین ئاشکرا کرد

PM:08:15:18/04/2023

3036 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت هاوڕان لەسەرئەوەی پێویستە بەڕووی هەر زۆرەملێیەک یاخود هەوڵێکی چین بوەستنەوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە تەنگەی تایواندا.


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە شارۆچکەی هاوینەهەواری کاریوزاوای ژاپۆن کۆبوونەوە و یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان زیادبوونی هەڵوێستی توندی چین بوو لەسەر تایوان و هەڵوێستی ئەو وڵاتە لە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکدا.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پەیامەکە لە نێو وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتدا هەمان شتە کە دەیانەوێت کار لەگەڵ چیندا بکەن لەو بوارانەدا کە چین ئامادەیە کاریان لەگەڵدا بکات.

وتیشی، "بە دڵنیاییەوە بە رووی هەر زۆرەملێیەک و یاریکردن بە بازاڕەکاندا دەوەستینەوە، بە رووی هەر هەوڵێکدا دەوەستینەوە بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی تەنگەی تایوان."

هەروەها، دوابەدوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت، یۆشیماسا هایاشی وەزیری دەرەوەی ژاپۆن رایگەیاند، "ئەو کاریگەرییەی ئاشتی و جێگیریی تەنگەی تایوان هەیەتی لەسەر وڵاتەکەمان دیاریکراوە، بەڵام فاکتەرێکی زۆر گرنگە لە پارێزراوی و ئاسایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا."

ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەداوە، چین بە شێوەیەکی بەرچاو هەوڵ دەدات یاسا نێودەوڵەتییەکان بگۆڕێت بۆ یاساکانی خۆی.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی چینی کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا هۆشداریدا دژی ئەوەی ئەوروپا رابکێشرێتە قەیرانێکەوە لەسەر تایوان کە بەهۆی شێوازی ئەمریکا یاخود کاردانەوەی زیادەڕۆیی چینەوە سەرچاوەی گرتبێت.













گەلەری