سەردێڕ:

دوای هەرێم؛ عێراقیش وادەی پشووی جەژنی رەمەزانی راگەیاند

PM:04:15:18/04/2023

50620 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی پێنجشەمە رێکەوتی ٢٠ی ٤ی ٢٠٢٣ تاوەکو رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٤ی ٤ی ٢٠٢٣ بەهۆی جەژنی رەمەزانەوە پشووی فەرمییە.


نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران فەرمانیکردووە کە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٠ی ٤ی ٢٠٢٣ پشووی فەرمی بەهۆی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە دەستپێدەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی دووشەممە ٢٤ی ٤ی ٢٠٢٣ پشووی جەژن کۆتایی دێت و دەوامی فەرمییە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە ٢٠ نیسان پشووی جەژنی رەمەزان دەستپێدەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پشووەکە لە ٢٤ـی نیسان کۆتایی دێت و ٢٥ـی نیسان دەوامی فەرمییە.

بەپێی لێکۆڵینەوە گەردوونییەکانی کۆمەڵەی گەردونناسی سعودیە، لە رۆژی ٢٠ی نیسان مانگ دەگاتە نوێ بوونەوە و بەوەش رۆژی پێنجشەممە کۆتا رۆژی مانگی رەمەزانە و رۆژی هەینیش یەکەم رۆژی جەژنە.

ماجد ئەبو زاهرە سەرۆکی کۆمەڵەی گەردوونناسی سعودیە بە ئاژانسی وڵاتەکەی راگەیاند، لە دوای خۆرئاوابوونەوە مانگ بە رێژەی ٢.٤٪ دەبێت بەوەش ناتواندرێت بە چاوی ئاسایی و لە هەندێک شوێنیش بە تەلیسکۆبیش مانگ ببیندرێت تەنها بە یەک جۆر نەبێت.













گەلەری