سەردێڕ:

ئەمڕۆش دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاسای بودجە بەردەوام دەبێت

AM:08:24:17/04/2023

10144 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، دانیشتنی شەوی رابردوو بۆ خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاسای بودجە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.


نوسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، دانیشتنی ئەمڕۆ دووشەممە درێژەپێدەری دانیشتنی دوێنێ یەکشەممە دەبێت.

شەوی رابردوو بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان و ١٩٨ پەرلەمانتار دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای بودجە دەستیپێکرد.

لە ئێستادا خوێندنەوەی یاسایی بۆ بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ بەڕێوەدەچێت و لە نێوان پەرلەمانتاران گفتگۆی لەسەر دەکرێت.

بە گوێرەی زنیارییەکان پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق زیاد دەکرێت و شایستەی دارایی زیاتری بۆ دابین دەکرێت و مووچەی پێشمەرگە لە بودجەی عێراق هەژمار دەکرێت.

بەپێی کارنامەکە لە چوارچێوەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا، خوێندنەوەی دووم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، دەکرێت.

رۆژی ٢ی ئەم مانگە، موحسن مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆژەیاسای بودجەی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ رەوانەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کرد. لە ١٣ی مانگی ئازاردا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژەیاسای بودجەی پەسەند کرد و رۆژی ١٧ی ھەمان مانگە رەوانەی ئەنجومەنی نوینەرانی کرد.

پێشتر باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو، قەبارەی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دەگاتە ١٩٧ تریلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینار و کورتھێنان لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، ٦٣ تریلیۆن دینارە.













گەلەری