راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی رایگهیاند، دەرچوونی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی كه زۆرترین قەرزی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیان لهسهرە بابهتێكی گرنگە. دەشڵێت، "ئەم هەنگاوە کاریگەری دەبێت لەسەر وەبەرهێنان له وڵاتهدا".
مەزهەر محهمهد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی به رۆژنامهی فەرمی سەباحی راگهیاند، دەرچوونی عێراق هۆكارێكی باشه بۆ زیادكردنی وهبهرهێنان جگە لهوهی کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر بازرگانی دەرەکی پەیوەست بە ئابوری عێراق دهبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەوکاتەوەی رێککەوتنی پاریس له ٢١ی ١١ی
٢٠٠٤دا لەلایەن عادل عەبدولمەهدی وەزیری پێشووتری دارایی ئەوکاتەوە واژۆكراوه، عێراق
رزگاری بووە لە ١٠٠ ملیار دۆلار قەرز كه لهسهری بووه، بەمەش ٨٠٪ی قهرزهكهی
سەری کەمیکردووە.
مەزهەر محهمهد ساڵح ئاشکرای کرد، قەبارەی قەرزەکانی سهر
عێراق نزیکەی ١٣٠ ملیار دۆلار بووە، بەپێی رێککەوتنەکە ١٠٠ ملیار دۆلاری لێبڕدراوە
و ئەوەی دەمێنێتەوە بڕیاربوو به ٢٠ ساڵ بدرێتهوه لەگەڵ ماوەی ئیمتیازات کە شەش
ساڵ بووە.
باسی لەوەشکرد، عێراق پابەندە بە جێبەجێکردنی قەرزەکانی،
چ بە کۆمپانیاکان یان وڵاتانی قەرزدەر، هاوکارییەکی زۆریش لە نێوان وەزارەتی دارایی
و بانکی ناوەندی عێراق هەیە لە پێدانی قیست لەگەڵ یارمەتییەکانیان و لەکاتی خۆیدا. وتیشی، لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە عێراق دەستیکردووە بە پێدانی
سود و لە ساڵی ٢٠١١ دەستیکرد بە پێدانی قیست لەگەڵ یارمەتییەکانیان بە هاوڵاتییان.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ١٣ی ٤ی ٢٠٢٣ سندوقی دراوی
نێودەوڵەتی رایگەیاند، ١٩ دەوڵەت لەجیهاندا قەرزداری سندوقەکەن بەشێوەیەک کە هەریەکێکیان
زیاتر لە ملیارێک دۆلار قەرزداری سندوقی دراوی نێودەوڵەتین. لەهەمانکاتدا، بەهۆی ئەوەی
عێراق قەرزەکانی لە ملیارێک دۆلار کەمترە ناوی لە لیستەکەدا نەهاتووە.