سەردێڕ:

ئەڵمانیا دوایین وێستگەی ئەتۆمی خۆی داخست

PM:07:01:15/04/2023

3128 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ئەڵمانیا سێ وێستگەی ئەتۆمی لە وڵاتاکەی خۆی داخست و کۆتایی بە بەرنامەی ٦٠ ساڵەی ئەتۆمی خۆی هێنا کە لەماوەی رابردوودا یەکێک لە گەورەترین خۆپیشاندانەکانی ئەوروپای هەڵگیرساند.


ئەمڕۆ شەممە ئەڵمانیا بەڵێنی خۆی بە داخستنی کەرتی هەرسێ وێستگەی ئەتۆمی جێبەجێکرد دەستبەرداری بەرنامەی وزەی ئەتۆمی بوو و دەکرێت ئەم بڕیارەش مشتومڕی لێبکەوێتەوە لە میانەی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا.

حکومەتی ئەڵمانیا بە فەرمی بڕیاریدا، لە کاتژمێر ١٢ی شەو هەریەکە لە بورجەکانی ئیسار ٢ و ئیمسلاند و نیکارفیستهایم ٢ی ئەتۆمی بۆ هەتاهەتایە دابخات، ئەم بڕیارەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی کارەبایە بە سەرچاوەی زیانبەخشی ژینگە تاوەکو ساڵی ٢٠٣٥.

لە رێکەوتی ١١ی ئازاری ساڵی ٢٠١١ بەهۆی بوومەلەزرەیەکەوە لە وێستگەیەکی ئەتۆمی شاری فۆکۆشیمای ژاپۆن کێشە دروستبوو بەهۆیەوە ژینگەی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی ترسناک پیسبوو.

لە دوای ئەو رووداوە ئەڵمانیا بڕیاریدا دەستبەرداری وزەی ئەتۆمی بێت لە وڵاتەکەی و دوای چەندین ساڵ لە خۆلادان ئەمشەو کۆتا هەنگاوەکانی ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکات.

خۆپیشاندانەکانی ئەوروپا دژی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لە ساڵی ٨٠کانەوە تا ئێستا لە چەند وڵاتێک بەردەوامە.

هەر ئەو خۆپیشاندانانەش بوون بە بەشێک لەو فشارانەی خرایە سەر حکومەتی ئەنگێلا مێرکل راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا بۆ داخستنی وێستگە ئەتۆمییەکان.













گەلەری