سەردێڕ:

بایدن: بەم زوانە کاندیدکردنی خۆم بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی رادەگەیەنم

PM:05:52:15/04/2023

4429040 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاری خۆی داوە و بەم زووانە بە فەرمی کاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رادەگەیەنێت.


ئەمڕۆ هەینی، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی گەشتەکەیدا بۆ ئیرلەندا، لە فڕۆکەخانە و پێش گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا لە لێدوانێکی کورتدا ئاشکرای کرد، بەم زووانە ئەو هەواڵی خۆ کاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی لە ساڵی داهاتوو رادەگەیەنێت.

ئاماژەی بەوەشدا، "پێشتریش پێم وتوون کە بەنیازم خۆم کاندید بکەمەوە بۆ هەڵبژاردنەکان."

جۆ بایدنی تەمەن ٨٠ ساڵ چەند جارێک رایگەیاندووە، بەنیازە خۆی بۆ خولی دووەم کاندید بکات.

هەفتەی رابردوو لە بەرنامەی "ئەمڕۆ"ی کەناڵی NBC باسی لەوەکرد، بەنیازە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت خۆی کاندید، بەڵام هێشتا ئامادە نییە بە فەرمی ئەو هەواڵە رابگەیەنێت.

پێشتریش، پزیشکان دوای پشکنینی سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا رایانگەیاند، جۆ بایدن لە رووی تەندروستی جەستەیی و دەروونییەوە توانای بەڕێوەبردنی کارەکانی هەیە.

هەروەها، لە پارتی کۆمارییەکان هەریەک لە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و نیکی هێلی بە فەرمی کاندیدبوونی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی داهاتوودا راگەیاند.

هاوکات، رۆژی هەینی رابردوو، مایک پۆمپیۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، بەنیازنیە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی داهاتوودا کێبڕکێی نێوان حزبەکان بەڕێوەدەچێت و لە کۆتایی هاوینی داهاتووشدا هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات بەجیا، ئەنجومەنی هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی دواجار کاندیدی کۆتایی پارتەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بناسێنن.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمەریکا لە ٥ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت.













گەلەری