سەردێڕ:

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا: دزەپێکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکان کارێکی تاوانکاری مەبەستدارە

AM:09:07:14/04/2023

1848 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، دزەپێکردنی ژمارەیەک بەڵگەنامەی نهێنی هەواڵگریی وه‌زاره‌ته‌كه‌ کارێکی تاوانکاریی مەبەستدارە.


پاتریک رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەدا، "گرنگە ئەوەیه‌ بزانین کە ئێمە بنەمای رێنمایی توندمان هەیە بۆ پاراستنی زانیارییە نهێنی و هەستیارەکان".

وتیشی، "دزەپێکردنی ژمارەیەک بەڵگەنامەی نهێنی هەواڵگریی وەزارەتی بەرگری کارێکی تاوانکاریی مەبەستدارە ئەنجامدراوە".

رۆژی سێشەممەی رابردوو، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "ئێمەش ئەوەمان بیستووە کە لەسەر ئینتەرنێت چەند بەڵگەیەک بڵاوبووەتەوە، بەدیاریکراوی نازانین لە چ شوێنێک و کێ توانای گەیشتنی بەو بەڵگانە هەیە".

ئەوەشی ئاشکراشكرد، لێکۆڵینەوەکانیان لەوبارەیەوە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنی ئەو بەڵگەنامانە.

رۆژی ٦ی نیسان، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەواڵێکی لەبارەی دزەپێکردنی بەڵگەنامەی نهێنی پێنتاگۆنی بڵاوکردەوە کە بەشێوەیەکی سەرەکی پرسی جەنگی روسیا لە ئۆکرانیا لەخۆ دەگرێت.

دوێنێش، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە ئیرلەندا رایگەیاند، نیگەرانە لە دزەپێکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکان.

وتیشی، "ئاگادارنیم لەوەی بەڵگەنامەکان پەیوەندییان بەو دۆخەوەبێت کە لە ئێستادا دەگوزەرێت یان نا".

هەروەها، میدیا ئەمریکییەکان گرتەڤیدیۆییەکەیان بڵاوکردووە و ئاماژەیان بەوەدا، نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی و پۆلیسی فیدڕاڵی گومانلێکراوێک بە تۆمەتی دزەپێکردنی چەند بەڵگەنامەیەکی نهێنی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" دەستگیردووە.

ئاماژەیان بەوەشدا، گومانلێکراوەکە لە ویلایەتی ماسه‌چوسێتسی لە ئەمریکا دەستگیرکراوە کە ناوی "جاک تیکسیرا"یە و تەمەنی ٢١ ساڵە و سەربازە لە هێزی ئاسمانی پاسەوانی نیشتیمان و سەرپەرشتیاری کۆمەڵێک چاتکار و یارییە ئەلیکترۆنییەکانی کردووە و لە چەند مانگی رابردوودا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دزەی کردووەتە ناو بەڵگەنامەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا.













گەلەری

‌بەپەلە