سەردێڕ:

نەرویج ١٥ کارمەندی باڵیۆزخانەی روسیای لە وڵاتەکەی دەرکرد

PM:07:53:13/04/2023

1928 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی نەرویج رایگەیاند، ١٥ کارمەندی باڵیۆزخانەی روسیایان بەتۆمەتی سیخوڕی رەوانەی وڵاتەکەیان کردووەتەوە.


حکومەتی نەرویج راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، ١٥ کارمەندی باڵیۆزخانەی روسیایان لە وڵاتەکەیانەوە بەتۆمەتی ئەنجامدانی کاری سیخوڕی رەوانەی روسیا کردووەتەوە.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی تاسی روسی لەسەر زاری وەزارەتی دەرەوە بڵاویکردەوە، روسیا وەڵامی ئەو کارەی نەرویج دەداتەوە.

هەروەها، ئەنیکین هوتفیلت وەزیری دەرەوەی نەرویج لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ١٥ کەسەی بەتۆمەتی ئەنجامدانی کاری سیخوڕی رەوانەی روسیا کراونەتەوە چالاکییەکانیان ناتەبابووە لەگەڵ پێگەی دیپلۆماسییان.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی ٢٣ی ٣ی ٢٠٢٢ حکومەتی پۆڵەندا بڕیاریدا ٤٥ دیبلۆماتکاری روسی بەهۆکاری گومانبوون لێیان بەوەی کاری سیخوڕی یان پەیوەندیدار بە سیخوڕییەوە بۆ وڵاتەکەیان ئەنجامبدەن دەربکات.

ئیستانیسلاڤ زەرین، وتەبێژی وەزارەتی هەواڵگری پۆڵەندا رایگەیاندبوو، گومانیان لەدیبلۆماتە روسییەکانی ناو وڵاتەکەیان هەیە کاری سیخوڕی یان پەیوەندیدار بەکاری سیخوڕییەوە ئەنجام بدەن.

پێشتر، لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ ئەمەریکا رایگەیاند، ١٢ دیبلۆماتکاری روسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکردووە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ نیگەرانییەکانی واشنتن سەبارەت بە ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەیی و وتیشی ئەو دیبلۆماتکارانە " سیخوڕی هەواڵگری بوون."

دوابەدوای ئەوەش، لە رۆژی ٢٤ی ٣ی ٢٠٢٣ ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس راگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی روسیای بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبووە، روسیا بە ئەمەریکای وتووە هەر کارێکی دوژمنکاریی دژی روسیا، وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوەی بەدوادادێت.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، وەزارەتی دەرەوەی روسیا لیستێکی دایە دیبلۆماتکارێکی باڵای ئەمەریکا لە مۆسکۆ، لیستەکەش ناوی ئەو دیبلۆماتکارانەی تێدابوو کە دەبێت روسیا جێبهێڵن.













گەلەری