لە راپرسییەکدا کە کۆمپانیای گەزیجی تورکی بۆ راپرسی ئەنجامیداوە دەردەکەوێت لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ـی ئایاری ئەو وڵاتەدا سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا شکست دەهێنێت و کاندیدی جەهەپەش دەبێتە سەرۆککۆماری داهاتووی تورکیا.
کۆمپانیای گەزیجی تورکی بۆ راپرسی لە نوێترین راپرسیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ـی ئایاری داهاتوودا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا و سەرۆکی پارتی ئاکەپە دەتوانێت ٤٣.٢٪ـی دەنگەکان بە دەست بهێنێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کەمال کلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە دەتوانێت ٥٣.٤٪ـی
دەنگەکان بەدەست بهێنێت و ببێتە سەرۆککۆماری نوێی تورکیا.
باسی لەوەشکردووە، هەریەک لە سینان ئۆجان و موحەرەم ئنچیش لە پلەی سێیەم
و چوارەمی دەنگەکانی سەرۆککۆماری تورکیادا دەبن بەڵام دەنگەکانیان ناگاتە ئاستی دەنگەکانی
رکابەرانی جەهەپە و ئاکەپە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ـەدا ئەردۆغان پشتیوانی
٢٦ ملیۆن و ٣٣٠ هەزار و ٨٢٣ لە کۆی گشتی ٤٩ ملیۆن و ٦٧١ هەزار و ٣٤٤ دەنگدەر وەرگرت
و بە رێژەی ٥٢.٥٩٪ـی دەنگەکان بوو بە سەرۆک کۆماری تورکیا.
بڕیارە لە ١٤ـی ئایاری ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا
بەڕیوەبچێت.