سەردێڕ:

ئیتاڵیا باری لە ناکاوی بەرپەرچدانەوەی کۆچی نایاسایی راگەیاند

AM:09:18:12/04/2023

2844 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی ئیتاڵیا باری لەناکاوی لەسەر دۆسیەی کۆچکردن راگەیاند، کە ماوەی شەش مانگ دەخایەنێت و بڕی زیاتر لە ٥ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کردووە. لە رێگەی ئەو پرۆسەیەشەوە دەیەوێت ژمارەیەکی زۆری پەنابەران بگەڕێنێتەوە بۆ نیشتیمانی خۆیان.


ئەنجومەنی وەزیرانی ئیتاڵیا لە راگەیەنراوێکدا باری لە ناکاوی لەسەر دۆسیەی کۆچکردن لە دوای زیادبوونی بە شێوەیەکی بەرچاو راگەیاند، دەشڵێت، ئەو هەنگاوەی حکومەتی ئیتاڵیاش لە پێناو باشترکردنی کارگێڕی پرۆسەی پێشوازیکردنە لە پەنابەران و گەڕاندنەوەیانە بۆ نیشتیمانی خۆیان.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەریا و پاراستنی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەدا، راگەیاندنی باری لەناکاو بە بڕی ٥.٤٥ ملیۆن دۆلار پشتیوانی دارایی لێدەکرێت ماوەی شەش مانگ دەخایەنێت.

وتیشی، "ئێمە کێشەکە چارەسەر ناکەین، بەڵكو پێویستە بەرپرسێکی یەکێتی ئەوروپا دەستپێشخەری بکات."

هەر لەوبارەیەوە چاوگێکی حکومی باسی لەوەکرد، رێکاری باری لەناکاوی پەیوەست بە پەنابەران رێگە بە حکومەتی ئیتاڵیا دەدات پەلە بکات لە بەڕێکردنی رێکارەکانی ناردنەوەی ئەو پەنابەرانەی رێگەیان پێنادرێت لە وڵاتەکە بمێننەوە تاوەکو بە زووترین کات بگەرێندرێنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەم دواییانەدا تونس دەرگای سنوورەکانی کردەوە و ژمارەیەک کۆچبەری زۆر لەو وڵاتەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەڕێکەوتن بە شێوەیەک دەسەڵاتدارانی ئەوروپا هاتنە سەر هێڵ و داوایان لە تونس کرد رووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببێتەوە.













گەلەری