لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا چین چەندین کەشتی جەنگی و فڕۆکە هەڵگری ناردە ئاوەکانی نزیک تایوان و دەستی کردەوە بە نمایشە سەربازییەکانی لە نزیک کەنار ئاوەکانی دورگەی تایوان.
دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو سای لنگ وێن سەرۆکی تایوان لەگەڵ کیڤن ماککارسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کالیفۆرنیا کۆبوونەوە چین نیگەرانی خۆی لەو کۆبوونەوە راگەیاند.
لە ساڵی رابردوودا نانسی پێلۆسی
سەرۆکی پەرلەمانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد و رایگەیاند، تایوان هاوبەشی ئەمریکایە
و دەستبەرداری تایوان نابن، چین سزای توندی بەسەر نانسی پێلۆسیدا سەپاند و ئاماژەی
بەوەدا، ئەمریکا دەیەوێت لە ناوچەکەدا جەنگ هەڵبگیرسێنێت.
شی جین پینگ سەرۆکی چینیش
رایگەیاند، تاوان بەشیکە لە چین و بۆ گەڕاندنەوەی بۆ سنووری وڵاتەکەیان ئەگەر پێویست
بکات هێز بەکاردەهێنن و تایوانیش رەتی کردەوە بەشێک بێت لە خاکی چین و رایگەیاند، یەکپارچەیی
و سەروەری وڵاتەکەیان دەپارێزن.
پێشتریش، لە سەدەی ١٧دا تایوان
لە ژێر کۆنترۆڵی چیندا بووە و دواتر لەساڵی ١٩٨٥ دا ئەو وڵاتە دەستبەرداری تایوان
بووە بۆ ژاپۆن و لە ساڵی ١٩٤٥دا دوای ئەوەی ژاپۆن لەجەنگی جیهانی دووەمدا شکستی هێنا
دورگەکە لەلایەن چینەوە کۆنترۆڵکرایەوە.
تایوان نزیکەی ١٠٠ میل لە
کەناراوەکانی باشوری رۆژهەڵاتی چینەوە دوورە و شوێنی جوگرافی و هەڵکەوتەی تایوان لە
لیستی ئەو خاکانەدا دادەنرێت کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک بەشێک لەبەرژەوەندییەکانی وڵات
لێی دەڕوانرێت و گرنگییەکی گەورەی هەیە بەنیسبەت سیاسەتی دەەرکی ئەمریکاوە.
قوڵایی ناکۆکییەکانی چین و
تایوانیش لە گەرووی تایواندا رەنگدەداتەوە کە گەروویەکی ئاوییە وڵاتی تایوان بە
پارێزگای فوجیانی چینییەوە دەبەستێتەوە و بەپێی رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان ئەو گەرووە
بەشێکە دەریای باشوری چین.