ئەمریکا کەشتییەکی ژێردەریایی ئەتۆمی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و هێزی دەریایی ئەمریکاش دەڵێت، ژێردەیایییەکە توانای هەڵگرتنی ١٥٤ موشەکی رێنماییکراوی هەیە.
هێزی دەریایی ئەمریکا لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە ژێردەریاییەکی ئەتۆمیان رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە کە توانای هەڵگرتنی موشەکی رێنماییکراوی هەیە و بەم نزیکانە دەگاتە بنکەی بەلەمی ئەمریکا لە بەحرەین.
تیمۆسی هۆکینز وتەبێژی هێزی
دەریایی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، ژێردەریایییەکە توانای هەڵگرتنی ١٥٤ موشەکی
کروزی تۆماهۆکی هەیە و لە ئێستادا کەناڵی سوێزی تێپەڕاندوە و بەم نزیکانە دەگاتە
بنکەی بەلەمی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرەین.
هێزی دەریای وڵاتەکە هۆکاری
ناردنی ژێردەریاییەکەی بۆ پاراستن و پاڵپشتیکردنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕاندەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی جەنگی
روسیا و ئۆکرانیاوە، لەماوەی رابردوودا ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا چەندین جار
هۆشداریدا لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی تاکتیکی ئەتۆمی و لە نوێترین هەڵوێستیشیدا
بڕیاریداوە چەکی تاکتیکی ئەتۆمی لە بیلاڕوسیا جێگیر بکات. لەبەرامبەردا ئەمریکا و
یەکێتی ئەوروپا هۆشدارییانداوە لە گرتنەبەری هەنگاوێکی لەوجۆرە.
هاوکات، بەهۆی پشتیوانی
کردنی لە سەربەخۆیی تایوان، ئاڵۆزییە دبلۆماسییەکانی نێوان ئەمریکا و چین
گرژتربووە و لە نوێترین هەنگاویدا، ئەمڕۆ دوای سەردانیکردنی سەرۆکی تایوان بۆ
ئەمریکا، سوپای چین مانۆڕێکی سەربازی لە نزیک ئەو دوورگەیە ئەنجامدا و هەڕەشەی لە
هەوڵەکانی ئەو وڵاتەکرد بۆ جیابوونەوە لە چین کە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.