سەردێڕ:

سودانی پەیامێکی ئاڕاستەی سەرجەم لایەنەکان کرد

PM:05:13:08/04/2023

3396 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، داوا لە هەموو هێزە سیاسیەکان دەکات پشتیوانی حکومەت بن بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکەی، چونکە هەموو عێراقییەکان لە ماف و ئەرکدا یەکسانن.


محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ساڵیادی کوژرانی محەمەد باقر سەدر رایگەیاند، "حکومەتی ئێستا سەکۆیەکی بۆ پێشخستنی هەموو لایەنەکانی ژیان کێشاوە و هەموومان بەرپرسیارین لە پاراستنی عێراق و سەروەت و سامانەکەی".

باسی لەوەشکرد، حکومەت بۆ یەکەمجار، بودجەیەکی بۆ ماوەی سێ ساڵ پێشکەش کردوە و بودجەیەکی بوێرانەیە و پلانیشی تێدایە بۆ دامەزراندنی بودجە بە شێوازی دروست.

هاوکات، داوی لە هەموو هێزە سیاسیەکان کرد پشتیوانی حکومەت بن بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکەی، چونکە هەموو عێراقییەکان لە ماف و ئەرکدا یەکسانن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ پەرلەمانی عێراق متمانەی بە کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی بەخشی کە لەلایەن هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پێکهێنرا کە لە پارتی و یەکێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشێک لە سوننەکان پێکهێنرا.

هەروەها، لە ١٣ی ٣ی ٢٠٢٣ لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکرا و دواتر رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد؛ سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاڕاستەی لیژنەی دارایی کرد و شەوی ٥ی ٤ی ٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی ٢٣٥ پەرلەمانتار خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکە کرا.

بودجەی ئەمساڵی عێراق گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا و بڕەکەی ١٩٨.٦ ترلیۆن دینارە بو پشکی هەرێم تێیدا بە ١٢.٦٧٪ جێگیر کراوە.

لە پرۆژەیاسایی بودجەدا نرخی هەر دۆلارێک بە هەزار و ٣٠٠ دینار و هەر بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار جێگیر کراوە.













گەلەری