بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسپۆرتی عێراق رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا هیچ ناڕەزاییەکی لەسەر پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەرنەبڕیوە و لە مانگی داهاتوو ٥٠٠ هەزار پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەگاتە عێراق و وتیشی، "پاسپۆرتە کۆنەکانیش کاریان پێدەکرێت و رەتناکرێنەوە."
ریاز جوندی بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا هیچ ناڕەزاییەکی لە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی نییە و هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە وتراوە یەکێتی ئەوروپا ناڕەزایی لە دژی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەربڕیوە.
ئاماژەی بەوەشدا، پاسپۆرتی
نوێی ئەلیکترۆنی لەلایەن رێکخراوی فرۆکەوانی جیهانییەوە متمانەپێکراوە و هەر ئەو
رێکخراوەش متمانە بە هەموو جۆرەکانی پاسپۆرت دەبەخشێت و عێراقیش نوسراوی فەرمی رێکخراوی
فرۆکەوانی جیهانی بەدەستهێناوە بۆ دروستکردنی پاسپۆرتی ئەلیترۆنی.
ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان
لە ئێستادا ٣٥٠ هەزار کۆپی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی هەیە و لە مانگی داهاتوو ٥٠٠ هەزار
پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دیکە دەگاتە عێراق و دواتر دەگاتە یەک ملیۆنیش.
باسی لەوەشکرد، پاسپۆرتی کۆن
راناگیرێت و کاری پێدەکرێت، بەڵکو ئەوەی پاسپۆرتەکەی بەسەرچووە لەسەری پێویستە نوێی
بکاتەوە، چونکە ناتوانرێت پاسپۆرتی ٢٠ ملیۆن کەس رەتبکرێتەوە.
لە مانگی رابردوو، بە
ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەمین پەنجەرەی دروستکردنی
پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کرایەوە و هەموو هەنگاو میکانیزمە پێویستەکان بۆ دەرهێنانی ئەو
جۆرە پاسپۆرتە خرایەڕوو و یەکەمین پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە عێراق بۆ محەمەد شیاعی سەرۆک
وەزیران دروستکرا.