سەردێڕ:

ئیدارەی بایدن؛ دۆناڵد تڕەمپی بە هۆکاری کێشەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان تۆمەتبار کرد

PM:12:17:07/04/2023

2392 جار خوێندراوەتەوە

ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو کێشانەی کە ئەمریکا لە پرۆسەی کشانەوە لە ئەفغانستاندا دووچاری هاتوون، تاڕادەیەکی زۆر بەهۆی بێ پلانی ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپەوە بووە.


جۆن کێربی بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا کە بە ئۆنڵاین بەڕێوەچوو رایگەیاند، ئەمڕۆ راپۆرتێکی بەدواداچوون بۆ پرۆسەی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان پێشکەش دەکات، لەلایەن وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی ئاراستەی کۆنگرێس دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت لێکۆڵینەوەی گشتگیریان لەسەر رۆڵ و بڕیاری دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە پرۆسەی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ئەنجام داوە.

وتیشی، بڕیارەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئەفغانستان بڕیارێکی دروست بوو و ئەمریکا ئەرکی خۆی بەجێگەیاندووە بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەی تیرۆر کە لە دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر بەهۆی داگیرکردنی ئەفغانستانەوە دروستبوو.

بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی باسی لەوەشکرد، ئیدارەی بایدن، دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە پرۆسەی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستاندا، لە ئامادەکاریدا نەبووە.

دەشڵێت، لە کاتێکدا مەبەستی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هەموو کات کۆتاییهێنان بەم شەڕە بووە، بەڵام نەبوونی پلان و بڕیارەکانی ئیدارەی پێشوو، بژاردەکانی بەردەستی بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار کرد.

ئاماژەی بەوەشدا، کاتێک جۆ بایدن وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەستبەکاربوو، ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە نزمترین ئاستدابوو، ئیداری ترەمپ ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ تاڵیبان واژۆکرد کە پێشبینی دەکرا تا مانگی ئایاری ٢٠٢١ سەربازانی ئەمریکا لەو وڵاتەدا بکشێنەوە.












گەلەری