راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، جێگیربوونی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ٨٠ دۆلار کورتهێنانی بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کەمدەکاتەوە. دەشڵێت، "بەهۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن عێراق و روسیاوە پێشبینیدەکرێت لەم هاوینەدا نرخی یەک بەرمیل نەت بگاتە ١١٠ دۆلار".
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ماڵپەڕی تۆڕی ئابوریناسانی عێراقی راگەیاند، بڕیارەکەی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بەمەبەستی کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بەرێژەی ١.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە ئەنجامی هەڵاوسانی دۆخی جیۆپۆلەتیکی و کاریگەرییە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی جەنگی ئۆکرانیایە.
ئاماژەی بەوەشدا، کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپیک
پڵەسەوە بە دوو ئاڕاستەدەبێت ئەوانیش:
یەکەم: روسیا دووەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتە لەجیهاندا لەدوای ئەمریکا
و لەئێستادا ئەو دوو وڵاتە رێژەی ٢٥٪ی نەوتی خاوی جیهان پێکدەهێنن. هەردوو وڵات لەدژایەتییەکی
گەورەدان بەو پێیەی پێشتر ناتۆ بڕیاریدا کە نەوتی روسیا بە زیاتر لە ٦٠ دۆلار بۆ هەر
بەرمیلێک نەفرۆشێت، ئەمەش وایکرد روسیا پابەندبێت بە بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی
نەوت لەلایەن وڵاتانی ئۆپیک پڵەسەوە.
دەشڵێت، بەمەش نرخی جیهانی نەوت بەرزبووەوە و زیانی داهاتەکانی لە فرۆشتنی
نەوتی بە چین و هیندستان و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست گەیاند، لەکاتێکدا روسیا بە نرخێک نەوتەکەی بەو وڵاتانە فرۆشت کە هێشتا
نزیکەی ٢٠ دۆلار کەمترە لە تێکڕای جیهانی نرخی نەوت.
دووەم: ئەوەیە کە کەمی پشکەکان لە ئەمریکا وادەکات وزە بەفیڕۆ نەدەن لەپێناو
دەستەبەرکردنی ئاسایشتی وزەدا، بە دابینکردنی توانای بەرهەمهێنان زۆرترین قەرەبوو یان
لەبەر نەبوونی پێداویستی یان بۆ قەرەبووکردنەوەی گەمارۆی نەوتی سەر روسیا.
دەشڵێت، تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی
نەوتی ئەمریکا نزیکەی ١٧ ملیۆن بەرمیلە کە تێچوویەکی زۆری هەیە. فرۆشتنی نەوتی خاوی
ئەمەریکا بە کەمتر لە ٧٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک زیانێکی گەورە دەگەیەنێت و مەترسی
لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا دروست دەکات.
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، کەمکردنەوە و زیادکردنی
بڕی بەرهەمهێنان لەلایەن هەریەکە لە روسیا و ئەمریکاوە پێشبینییەکانی رێکخراوی ئۆپیک
پلەسی بەجێ گەیاند کە نرخی یەک بەرمیل نەوت لەساڵی ٢٠٢٣دا لە ٨٠ دۆلار دانابەزێت.
وتیشی، بڕیارەکەی ئۆپیک پڵەس بەهۆی حکومدانی جیۆسیاسییانەبوو لەسەر کەرتی
وزە لەسەرتاسەری جیهاندا و ئامادەکارییەکانی جەنگی نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵات.
مەزهەر محەمەد ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن
عێراق و روسیا و وڵاتانی دیکەوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەم هاوینەدا و
دەگاتە ١١٠ دۆلار بۆ هەربەرمیلێک و چاوەڕوان دەکرێت زیاتر بەرز ببێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢ی ٤ی ٢٠٢٣ هەریەک لە عێراق و سعودییە و ئیماڕات
و کوێت و عومان و جەزائیر و روسیا و کازاخستان؛ بە ئامانجی سەقامگیرکردنی نرخی نەوت
و پاراستنی هاوسەنگی خستنەڕوو و خواست لەسەر نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بڕی بەرهەمهێنانی
رۆژانەی نەوتییان کەمکردەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، رۆژانە بە بڕی ٢١١ هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی
نەوت کەمدەکەنەوە و بڕیارکەش لە سەرەتای مانگی ئایارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتی وزەی سعودییەش بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوەی دا
بە ڕێژەی ٥٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە و ئەو بڕیارەش لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ
تاوەکو کۆتایی سالێ ٢٠٢٣ جێبەجێدەکات.
لەوبارەیەشەوە، سەهیل محەمەد وەزیری وزە و ژێرخانی ئابوری ئیماڕات ئاماژەی
بەوەدا، بەهەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی رێکخراوی ئۆپیک ئیماڕاتیش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت
بە رێژەی ١٤٤ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمدەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەلیکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆکوەزیرانی روسیا رایگەیاند،
بڕیاریان داوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەیان بە رێژەی ٥٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە
تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کەمبکەنەوە.
جگە لەوانیش، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی رێکخراوی ئۆپیک هەریەکە لە وڵاتانی
جەزائیر و عومان و کوێت بڕیاری کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان داوە.
پێشتر، ریکخراوی ئۆپیک پڵەس لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی
بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل.