سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتووەکان رەخنەی لە دەسەڵاتی تالیبان گرت

PM:04:21:06/04/2023

2236 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ رەخنەی لە بڕیاری قەدەغەکردنی کارکردنی ژنانی ئەفغانستانی لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت.


ڤۆڵکەر تورک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا بڕیارەکەی تاڵیبانی بۆ قەدەغەکردنی کارکردنی ژنانی ئەفغانستان لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە "بڕیارێکی بێبەها" وەسف کرد.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بڕیارە بەرئەنجامی زنجیرەیەک هەنگاوە بۆ رێگریکردن لە ماف و ئازادییەکانی ژنان و کچانی ئەفغانستان.

دەشڵێت، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ٢٨.٣ ملیۆن هاوڵاتی لێقەوماو لە ئەفغانستان پێویستییان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە هەیە.

کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەشکرد، پشتیوانیکردنی کەسانی لێقەوماو پێویستی بە هەماهەنگییە و ئەم جۆرە کارانە گەلی ئەو وڵاتە بێ ئومێدتر دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسانی تاڵیبان بەم بڕیارە بەردەوامیان داوە بە هێرشە سیستماتیکییەکانیان دژبە هاوڵاتییان، هەربۆیە پێویستە سەرکردایەتی تاڵیبان چاو بەم بڕیارە دڵتەزێنەدا بخشێنێتەوە کە دژبە ژنان داوییەتی.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای بڕیاری راگرتنی خوێندنی کچان، تاڵیبان لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا بڕیاری راگرتنی کارکردنی ژنانی لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دا، هەڕەشەی وەرگرتنەوەی مۆڵەتیشی لەو رێکخراوانە کرد کە پابەند نابن بەم قەدەغەیەوە. هەر بەم هۆیەشەوە کارکردنی ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان وەستاند.

هاوکات، ئەم بڕیارەی تاڵیبان لەلایەن یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و زۆر وڵاتی دیکەوە رەخنەی توندی لێگیرا.













گەلەری