سەردێڕ:

بانکی ناوەندی چەند سزایەکی بەسەر بانکی کوردستاندا سەپاند

PM:01:50:06/04/2023

20132 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق لێکۆڵینەوە لەگەڵ بانکی کوردستان دەکات بەهۆی ئەوەی ئاشکرا بووە بڕێک لە باڵانسی بانکی کوردستان لە بانکێکی تورکی کۆکراوەتەوە و بانکەکە بڕیاریداوە چەند راوێژکارێکی سەر بە بانکی کوردستان لە کارەکانیان دووربخاتەوە.


بە گوێرەی نووسراوێکی بانکی ناوەندی عێراق، بانکەکە بڕیاری داوە بانکی کوردستان لە بەشداریکردن لە پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی و بەشداریکردن لە پێدانی قەرز لە رێگەی بانکی ناوەندی عێراقەوە قەدەغە بکات.

ئاماژە بەوەشدراوە، سەرجەم ئەو راوێژکارانەی کە لەلایەن بانکی کوردستانەوە بەبێ رەزامەندی بانکی ناوەندی دامەزرێنراون لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هۆشداریی لە بانکی ناوەندی عێراقەوە ئاڕاستەی عومەر سەعد بەڕێوەبەری بانکی کوردستان کراوە بەهۆی پابەندنەبوونی بە رێنمایی و رێکارەکان، هاوکات هۆشداری دراوەتە ئەنجومەنی بانکی کوردستان بەهۆی دەستێوەردانی بەرچاو لە کاروباری کارگێڕی بانکی.

باس لەوەشکراوە، بانکی ناوەندی بڕیاری داوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ لقی دارایی بانکی کوردستان بکات و ناوی ئەو کەسانە بدۆزێتەوە کە لە کاروبارەکانیان کەمتەرخەمبوون.

بانکی ناوەندی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، باڵانسێکی نەختینەیی بانکی کوردستان لە بانکی هالکی تورکی کۆکراوەتەوە و لە داتای دارایی نێردراو بۆ بانکی کوردستان زانیارییەکان لەوبارەیەوە بوونی هەیە و پێویستە ماوەی لێکۆڵینەوە زیاتر لە مانگێک نەخایەنێت.













گەلەری